ئەرێ برین دەنووسرێتەوە؟

نوری بێخاڵی
شەڕەکان نە کۆتاییان هاتووە و نە دواییشیان دێت. شەڕ بۆ هەمیشە برینێکی سەرنەکردووی کێمتێزاوی ناو یادەوەری و ئاگایی مرۆڤە. برینێک، کە ڕۆژانە بەدەست ئازارەکەی دەتلێتەوە.

بەبێ تێگەیشتن لە کۆدی بەردەوامیی شەڕ، هەموو کەسێک لە نهێنیی بە بێدەنگیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئازار تێناگات. وەک چۆن لەو سیحرەش تێناگەن، کە بە پێکەنین ڕووخساری گریان سواخ دەدرێت و لەکاتێکدا لەناوەوەتدا دەسووتێیت، کەچی لێناگەڕێیت کەس هەست بە برژان و بۆن بە بۆسۆکەت بکات. 

ڕەنگە هەستکردن بە ئازارەکانی جەنگ ئاسان نەبێت، وەک چۆن بەبێ چەشتنی ئازاری نەخۆشیی و بە تەنیا دڵنەواییکردن، هەستکردن بەو چرکەساتەی نەخۆش تێیدا دەژیێت سەختە. بۆ جەنگیش ڕێک وایە، تەنیا ئەوانەی ئەزیزێکیان لە جەنگ لەدەست داوە، ئەوانەی کەمئەندامێکی بەجێماوی جەنگ لە ماڵەکانیان هەیە و ئەوانەی جەنگاوەرەکانیان لە بەرەکان نەگەڕانەوە و چاوەڕوانی دەیانخواتەوە، باشتر لە قورسی و ژانی نەبڕاوەی ئەو برینەی شەڕ تێدەگەن!

بەهەرحاڵ، خۆزگە توانام بەسەر هونەری گێڕانەوەدا دەشکا. مەبەستم گێڕانەوەی هونەرییانەیە، نەک حیکایەتخوانی و سەرەدوولکە. بۆ ئەوەی هەر لە مێژووی دوور و نزیکی نیشتمانەکەم نا، بە تەنیا لەو هەموو شەڕ و شۆڕ و کارەسات و کاولکارییانەی داگیرکەر و دوژمنانیش نا، کە نەتەوەکەمیان تێکشکاندووە و وڵاتەکەمیان وێران کردووە، بەڵکوو بۆ ئەوەی بەسەر یەکەوە، گۆڕی ئەو مێژووە ڕەش و ئێستا تەڵخە و هەموو ئەو جەنگە نەگریسانەی خۆبەخۆ هەڵدەمەوە و کنە و پشکنین لە مۆخی هەموو ئەوانەشدا بکەم، کە دەستیان چووەتە خوێنی یەکتر. تاکوو لەو نهێنییە تێ بگەم، کە چی وا لە مرۆڤێکی قوربانیی دەستی داگیرکەر و دوژمنانی دەکات، جەنگی پیرۆزی ڕزگاری و ئازادیی خۆی بیر بچێتەوە و هەموو هێز و وزەی خۆی لە خۆکوژیدا خەرج بکات؟ بۆ ئەوەی کیمیاویی ئەو ژەهرە بدۆزمەوە کە بووەتە هۆی ئەوەی ببینە خاوەنی مێشکێکی ئاوا پووچ و یادەوەریێکی ئاوا کوێر!

بەبۆچوونی من لێکۆڵینەوەی ڕووتی بارگاوی بە چەمک و چی و چی، یان کەوتنە ژێر باری هەست و سۆزی حزبایەتی و کەفوکوڵی ئایدیۆلۆژی، دەرەقەتی هەڵوەشاندنەوەی ئەو مێژووە تاریکە نایەت، کە تا ئەمڕۆش زیندووە و هەر سەردەمە و قۆناغێک لە فۆڕمی جیاوازدا خۆی دووبارە دەکاتەوە، بەڵکوو دەبێ لە چیڕۆکەکانی سەر و ژێرخانی ئەو کولتوور و مێژووە، لەناو کونج و کەلەبەرە تاریکەکانی ناو پێکهاتە و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، لەناو ڕاڕەو و داڵانە نوتەکەکانی فیکری سیاسیی دوێنێ و ئەمڕۆماندا سۆراخی ئەم نەخۆشییەمان بکەین. بۆ ئەمەش، بارتەقای توێژینەوە و لێکۆڵینەوە، پێویستیمان بە زمان و تەکنیکێکی گێڕانەوە هەیە، کە دەرەقەتی گێڕانەوەی ئەم ڕابردووە نەخۆش و تەوزیفکردنەوەی ئەو ئێستا دەردەدارەمان بێت و هەموومان بێدار بکاتەوە!

14/08/2021



وتارەکانی تری نوسەر