هەر دەبێ بگەین!

نوری بێخاڵی
دەگوترێت "تێكدان ئاسانە، چاككردن زەحمەت"، ئەمە ئەگەر بۆ كایەی كۆمەڵایەتی و ژیانی ڕۆژانە دروست بێت، ئەوا بۆ كایەی سیاسی زۆر دروستترە، بە لایەنی كەمەوە بۆ ئێمەی كورد، كە ساڵانێكە دەمانەوێ بە بەرگێكی تازە و گوڕوتینێكی نوێوە بێینەوە ناو مێژوو. 

هاوكاتی ئەمە، لە بارەی پەیوەندیی سیاسی و ململانێكانیشدا دەگوترێت "بڕیاری ئاشتی قورستترە لە جەنگ". ئەوە بۆیە ئەوەی شەڕ بە ڕۆژێك وێرانی دەكات، ئاشتی پێویستی بە ساڵانی ساڵ كۆشش و هەوڵهەیە، تا بونیادی بنێتەوە.

بەش بە حاڵی خۆم بڕوام بە تیۆری پیلانگێڕیی تا ئەوپەڕی لاواز و لەرزۆكە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشیارم بەوەی، بۆ كوردێكی چەوساوەی خاك داگیركراو، كە ساڵەهای ساڵە دۆستی كەم و دوژمنی زۆر بووە.. بۆ كوردێك كە هیچی نەماوە لەپێناو پاراستنی بوون و شووناسی خۆیدا قوربانیی پێ نەدا.. بۆ كوردێك كە سی ساڵێكە دەریچەیەكی هەناسەدانی بۆ بووەتەوە و كڵاوڕۆژنەی ئومێدێك بەسەریدا كراوەتەوە، كەچی هەرچی نەیاری كۆن و نوێیەتی، هیچ نەماوە بۆ گرتنی ئەو دەریچە و كڵاوڕۆژنەیە نەیكەن، دەبێت بە جۆرێكی تر سەیری هاوكێشەكە بكەین.

ساڵانێكە بە پلان و بەرنامەڕێژی، ماكینەیەكی گەورەی پۆپۆلیستیی (بەتایبەتی میدیایی!) لە هەرێمی كوردستان بۆ ناشیرینكردنی هەرچی جوانییە، بۆ لێدانی هەرچی پیرۆزییە، بۆ سووككردنی هەرچی دەسكەوتە، بۆ ڕووخاندنی هەرچی دیواری متمانەیە لە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی و سیاسی، خراوەتە گەڕ. بەداخەوە بۆ ئەمەش سوودێكی زۆر لەو بۆشاییە وەرگیراوە و دەگیرێت، كە كورد خۆی، بەهۆی ناكۆكیی بێمانای سیاسی، ململانێی ناتەندروستی حزبایەتی، شەڕی  تێرنەخۆریی دەسكەوت و بەرچاوتەنگیی دەسەڵاتخوازی، دروستی كردووە.

لەناو ئەو سەرسەختییە سیاسی و دەمارگیرییە حزبییەی ناكۆكەكاندا، هەروەها لە بەرامبەر ئەو ماكینە زەبەلاحە  پۆپۆلیستییەی كە سوكانەكەی بەدەست نەیارانی كوردەیەوە و كورد خۆی ئامرازەكەیە، بۆ كەسێك كە ئامانجی خاوكردنەوەی ململانێ، بیناكردنەوەی متمانە، بەرقەراكردنی ئاشتی و ئارامیی نێوخۆیی بێت، هەروا كارێكی ئاسان نییە.

ئەوەی لە ڕابردوودا نێچیرڤان بارزانی كردوویەتی و ئەوەی ئێستاش بە دانایی، ددانبەخۆداگرتن و پشوودرێژیێكی زۆرەوە لەو پێناوەدا دەیكات، كارێكی نەكردە نییە، بەڵام وزە و باوەڕبەخۆبوون و ئیرادەی بەردەوامیی دەوێت، كە خۆشبەختانە هەموو ئەوانە لە كەسێتیی ئەودا هەن.

هەوڵە جیددی و هەنگاوە كردەنییەكانی بۆ ئاشتبوونەوە و یەكڕیزی و تەبایی سیاسیی لایەنە ناكۆكەكانی كوردستان، هەموو جوڵە سیاسییەكانی ڕابردوو و ئێستای لە كۆكردنەوەی لایەنەكان، كردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێم بەو چەق و نێوەندەی، كە نەك هەر ئەو هێزانەی بەشێكی سەرەكی نین لە ململانێكاندا، بەڵكوو خودی ناكۆكەكانیش دواجار ئومێدێكیان هەبێت، كە شوێنێك هەیە هی هەمووانە و دەتوانن ڕووی تێبكەن و لەوێ قسەیەكی خێر بۆ ڕاستەڕێكردنەوەی دۆخەكە بكەن، تەنانەت سەردانی ئەم دواییەی سەرۆكی كۆماری عێراقیش، كەم و زۆر دەچێتە خانەی ئەم ستراتیژە نیشتمانییە خەمخۆرانەی سەرۆكی هەرێم. 

ئەوەی بۆ من جێی سەرنج و تێڕامانە، كارنەدانەوەی ئەرێنیی شەقامی كوردستانە بۆ بەدەنگەوەهاتنی ئەم هەوڵانە. ئاخر شەقام و كایەی كۆمەڵایەتی كە هەر دەمی دەكاتەوە، گلەیی لە هەموو شتێك دەكات، لەبیری دەچێت، یان لەبیری خۆی دەباتەوە، كە ژیانێكی ئارام، كەشوهەوای لەباری كار و بژێویی، هەستكردن بەدڵنیایی و ئارامیی دەروونیی، هەموویان پەیوەستن بە سەقامگیریی دۆخی سیاسی و تەبایی لایەنەكان. 

لەم ڕوانگەیەوە، پێویستە و وەك ئەرك و بەرپرسیارێتیێكی نیشتمانیی، شەقام (بەچاوپۆشین لەوەی هەر یەكە چۆن بیر دەكاتەوە و تێگەیشتنی بۆ هۆكارەكانی دۆخەكە چییە!) ببنە بەشێك لەم ستراتیژییەی ئاشتەوایی و یەكڕیزیی، بێگومان ئەوە ئەگەر بەڕاستی خەمی ژیان و كار و ئارامی و دڵنیاییان هەیە.

بەكورتی و بەكوردی: دەبێت پرسی هەوڵەكانی ئاشتەوایی ببێتە پرسێكی كۆمەڵگەیی دەستەجەمعی و هەڵمەتێكی نیشتمانی و وەك قەڵا و سەنگەرێك لە پشتی هەوڵ و هەنگاوەكانی نێچیرڤان بارزانی بێت بۆ هێنانەدی ئاشتیی سیاسی و تەبایی كۆمەڵایەتی.

یەكێكی تر لە ڕێگا نزیكەكان بۆ سەرخستنی ئەم پڕۆژەیەی ئاشتیخوازی و تەباییە، داخستنی دەمی میدیای جنێوفرۆش، كۆتاییهێنان بە تەخوینكردن و دێواندنی یەكتر، وازهێنان لە گەمەی منداڵانەی بەباكردنی كای كۆن و كولاندنەوەی كۆنەبرینەكانە.

جۆر و ئاست و قەبارەی ململانێ و ناكۆكییەكانی ئێستا، ناگاتە چارەگی دۆخی نەخوازراوی ڕۆژگاری شەڕی ناوخۆ، كە خوێن كەوتە نێو لایەنە ناكۆكەكان، كەچی دواجار هەریەك لە (سەرۆك بارزانی و ڕەوانشاد سەۆك مام جەلال)، بوێرانە و وەك بەرپرسیارێتیی مێژوویی، كۆتاییان بە خوێنڕشتن هێنا و لەیەك سەنگەردا ڕووبەڕووی هەموو ئەو ئالنگارییانە بوونەوە، كە دواتر بوونە هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئەزموونی سیاسی و گەلی كوردستان.

چارمان نییە، هەر دەبێت بگەینە ڕێككەوتن، هەر دەبێت ئاشت ببینەوە، هەر دەبێت بەیەكەوە شان بدەینە بەر بەرپرسیارێتییەكان. ئێ لەكاتێكدا هەرچی نەیار و دوژمنی ئەزموون و خەونی گەلەكەمانە هەیە سێرەیان لێگرتووین، خۆ بڕیار نییە تاهەتایە ئێمەش سێرەی تفەنگی تۆڵە و تووڕەیی و تەسفییەی حیساب لە دڵ و سەری یەكتر بگرین؟

01/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر