(هەر ژنێك مێردی نەبێ، دڵخۆش و گەنجە هەمیشە……)

هیبە فەیسەڵ
بەشی یەكەم 

 بێگومان ئەم ڕستەیە هێندەی پیتەكانی، شایەنی لێكدانەوەیە. 
ڕەنگە هەنێكتان گومانتان لە وتنی ئەم ڕستەیە هەبێت كە لە ناخی ژنێكەوە هەڵقوڵاوبێت. منیش لێتان دەگەڕێم لەو گومانەدا بن. گرنگ نیە چ ڕەگەزێك ئەم بۆچونەی هەیە. بەڵكو گرنگ ئەوەیە بتوانین مشتێك لە خودی ژیانی هاوبەشی قوڵ ببینەوە. تا لە ئەنجامدا ڕەچاوی ئەو میكانیزمانە بكەین كە لە هەموو پەیوەندیەكاندا، بێ جیاوازی، بەدی دەكرێ. لێرەدا لە نێوان دوو مرۆڤ/ڕەگەزی جیاواز كە هەریەكێكیان وەك دوو كەسایەتی سەربەخۆ، هەڵگری كۆڵەپشتێكی تێر لە ئەزموون و هزری هەمەجۆر و چەشنن. هەر لە پەروەردە و بەسەرهاتی مناڵیەوە، هەتا كامڵ بوون و خەونی ئێستا و داهاتوو. 
گومان لەوەدا نیە كە كەسایەتی ئەو مرۆڤانەی ڕۆژانێك پێكەوە بەش دەكەن، ڕەنگدانەوەیەكی ئاشكرا و ڕوونی هەیە لەسەر جۆری مامەڵەكردنیان لە گەڵ یەكتر. بەهەمان شێوە هاوكاری، ناكۆكی و گفتوگۆكردنیان. 
واتە تا چ ڕادەیەك هەردوكیان پابەندن و توند دەست بە بوونی خۆیانەوە دەگرن وەك مرۆڤێكی پڕ و پێگەیشتوو. 
مرۆڤێك كە هەنگاوەكانی لەگەڵ دەنگی متمانە بەخۆبوون تۆن ئەكا. 
💪🏽متمانەیەك كە كوێری نەكات لە بینینی كەم و كورتی و هەڵەكانی. 
💪🏽متمانەیەك كە پێویستی بە فەنابوون و خۆبەستنەوە نەبێ بە ناخ و چاوی بەرامبەر. 
💪🏽كە ئازادی بە مافێكی سەربەخۆی بەرانبەر بزانێ، نەك بە نوقوڵی مشتی كە بە خواست و كات و ڕەزامەندی خۆی بیبەخشێتەوە. 
هەر كاتێك مرۆڤ باوەڕێكی بنەڕەتی و چەسپاوی هەبوو بە توانا، جوانی، هێز و دەستەڵاتی بۆ كاریگەری كردن لەسەر دەوروبەر، ئەوكات هەستی ئیرەیش هیچ ڕۆڵێكی نەرێنی ئەوتۆی نابێت. گەر جار جاریش ئەو هەستە سەرەتاركێ و ململانێیەكیشت لەگەڵ بكا، ئەوا كایەیەكی دیاری نابێت. 
هەر ئەو متمانە چەسپاوە و باوەڕە بنەڕەتیە بە پێگەیشتویی ناخی ئەو كەسە خۆی، وادەكات كە : 
🫡ئامادەی گۆڕان و تازەگەری هەبێت. 
🫡كە بتوانێ قۆڵ بۆ ململانێكان هەڵبكات و پێداگربێر لە مانەوە. مانەوەیەك بۆ گۆڕان و بەردەوامیەكی ڕاستەقینە، كە هەردوولا هەست بەسەربەخۆیی خۆیان بكەن لە چوارچێوەی پێكەوەلكانێك كە بە هەڵبژاردەی هەردولا بووە. 
🫡بەردەوامیەك كە هەمیشە سوچێكی هاوبەش بیانگەڕێنێتەوە بۆ مانای بەشكردن و هاوبەشی. نەك بەردەوامیەكی تێكشكێن بۆ بەرەنگار بوونەوە، كەمكردنەوەی بەها و شكاندنی  شكۆ و بەزاندنی یەكتر. 

زۆر بەداخەوە و ئەمجارەش بەداخەوە كە كە تاكی كورد جگە لەوەی كە لە مناڵیەوە تەنها بەخێوكراوە، كە دەگاتە تەمەنێك بە خۆشەویستیەك، خەونێك یان وەك /سونەت ..فەرزێك هەنگاو بۆ ژیانی هاوبەشی دەنێت كە تیایدا چۆڵی ناخی و كەم و كورتیەكانی پڕبێتەوە. بە خەونی ئەوەی كە بەرانبەر ببێتە تەواكاری. بەڵام لەڕاستیدا دوو جەمسەری دژ هەرگیز یەك ناگرن و نزیك نابنەوە. 

جا جگە لە كەسایەتی مرۆڤ، متمانە و باوەڕ بە خۆ بوون، سترەكچەر/پەیكەر/ بنەماكانی كۆمەڵگەش ڕۆڵێكی گرنگ دەبێت لە چۆنیەتی چارەسەر كردنی كێشەكان. بۆ نمونە: 
☝🏾تا چ ڕادەیەك یاسای ئەو وڵاتە لەبارە بۆ هاوڵاتیەك كە كێشەی خێزانی هەبێ . 
☝🏾تا چ ڕادەیەك ئەو یاسایە یەكسان و هاوسەنگە بۆ هەردوو ڕەگەز؟ 
☝🏾یاخود تا چ ڕادەیەك متمانە دەخرێتە سەر دادگا و پاكی و بێلایەنی بڕیارەكانی. 
☝🏾تا چ ڕادەیەك هاوڵاتی دەتوانێ پەنا بەرێتە بەر بەرپرسیارانی كاروباری كۆمەڵایەتی و یارمەتی ئابووری، پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی بدرێ. واتە چین ئەو ئاسانكاری و هەلومەرجە گونجاوانەی كە كۆمەڵگەیەك بۆ دایك/باوك و منداڵی دەخاتە بەردەست لەكاتێكدا كە خێزانێك بەرەو هەڵوەشاندنەوە بچێ. 
☝🏾كوێن ئەو دەزگایانەی كە هاوڵاتی بتوانێ پەنایان بۆ بەرێ كە لەدەرەوەی بازنەی خێزان كار دەكەن و بە پارێزراوی نهێنی هاوڵاتی دەتوانن بە ئامۆژگاری و گوێگرتن یارمەتی هاوڵاتی بدەن تاوەكو كەس و خزمان دەست تێوەردان نەكەن و ژیانیان هێندەیتر پڕبێ لە كێشە و مقۆ مقۆی ئەم هێنایی و ئەو بردی. 

جا گەر بێینەوە سەر دەستپێكی ئەم بابەتە، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە دڵخۆشی ژنێك مەرج نیە/ پێویست ناكات هەمیشە ببەسترێتەو بە ڕەگەزی بەرانبەر كە پیاوە. ئەمەش بە پێچەوانەوە هەر ڕاستە. 
واتە دەبێت دڵخۆشێ، دڵتەنگی، بوونی ململانێ و گرفت هەردوولا وەك ئەو میكانیسمە تەماشا بكرێ و لێكبدرێتەوە كە لە ئەنجامی بوون و پێكەوەبوونی دوو مرۆڤ، دوو بۆچوون، دوو كەسایەتی، دوو خواستی جیاواز، و هتد دروست دەبێ و گەشە دەكات. 
جا لە كۆتادا تەنها ئەوە ماوە بوترێ كە ژیان خۆی لە خۆیدا چەپكێكە لە خۆشی، تاڵی و ململانێ. بریتیە لە جەنگێكی بەردەوام لە نێوان خێر و شەڕ، لە نێوان ڕۆیشتن و مانەوە، ئیتر چۆن بتوانین چاوەڕێی ژیانێكی هاوبەشی بێ كێشە و دوور لە بەرز و نزمی بكەین بەڕێزان؟

16/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر