پەدەکە هانی دەوڵەتی تورکیا دەدات گوشار بخاتە سەر یەنەکە

جەمیل بایک


بەرلە هەموو شتێک دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە پاش قۆناخێکی زۆر دژوار، بەڵام لە هەمان کاتدا پڕ لە سەروەری و سەرکەوتن، بە بڕیارین کە بە هەموو هێز و توانامانەوە لە هەموو شوێنێکدا پەرە بە تێکۆشان و خۆڕاگری بدەین. هەروەکو دەزانرێت دەوڵەتی کۆلۆنیالی، داگیرکار و جینوسایدکاری تورکیا، زیاتر لە هەشت ساڵە لەچوارچێوەی پلانی ‍"چۆک پێدانان"دا بە بەردەوامی شەڕێکی هەمەلایەنەی دژوار لە دژی بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان بەڕێوە دەبات. دەوڵەتی فاشیستی تورکیا لەم شەڕەدا هیچ پێوانێکی یاسایی و ئەخلاقی پەیڕەو ناکات.

تێکۆشان و خۆڕاگری گەلەکەمان و  گەریلای ئازادی کوردستان لە دژی ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامی زۆر شکۆداری لێی کەوتۆتەوە.  بە درێژایی ئەم  هەشت ساڵە هیچ کاتێک ملکەچی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی جینۆسایدی تورکیا نەبووە و ئیرادەی خۆی رادەستی ئەم ڕژێمە فاشیستە نەکردووە. بە پێچەوانەوە، هەمیشە خۆڕاگری کردووە و هەموو دەرفەتێکی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان قۆستۆتەوە. لەم نێوەندەدا ئەوەی سوپای داگیرکەری تورکیای هێنایە لەرزە و تووشی گێژی و سەرلێشێوای کرد هێزی چالاکی گەریلای ئازادی کوردستان بوو کە بە گیانێکی فیداییانەوە توانی گورزی زۆر جەرگبڕی لێی بوەشێنێت. 

ئەو گورزە جەرگبڕاەنەی کە گەریلای ئازادی کوردستان لە مانگە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا لە سوپای داگیرکەری تورک دەیوەشێنێت بەڕاستی جێگای شانازی و پڕ لە شکۆن. گەریلا بەو ئۆپەراسیۆنە شۆڕشگێڕییە یەک لە دوای یەکانەی کە ئەنجامی دا، توانی زۆرێک لە بنکە و بارەگا و سەنگەرەکانی سوپای داگیرکەری تورکیا لەبنەڕەتەوە هەڵتەکێنێت و ڕایانبماڵێت. شکستی سوپای داگیرکەر لە بەرامبەر گەریلا و ئەو خەسارەتانەی کە بەری کەوت و ئەو کوژراوانەی کە لێی بە جێمان بە وێنە و ڤیدیۆ بۆ ڕای گشتی بڵاو کرانەوە. ئاستی قاڵبوونەوە و داهێنانی گەریلا لە تاکیتک و تەنکیکی شەڕدا ورە و هێزێکی مەزنی دا بە گەلەکەمان. بەتایبەت پاش ئەوەی کە گەریلا توانای خستنە خوارەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەدەست خست، ڕەۆتی شەڕیش بە ڕێژەیەکی زۆر گۆڕانکاری بەسەر دا هات. ئێدی دەستپێشخەری شەڕ کەوتووەتە دەستی گەریلا. بەمجۆرە، گەریلای ئازادی کوردستان، گەلی کورد، کچ و کۆڕی لاوی کورد نەبەزی و نەبەردی خۆیان بۆ هەموو کەسێک سەلماند. هەروەها لە ماوەی ڕابردووەدا هەڵمەتێکی جیهانی گرنگمان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەست پێکرد کە تا ئێستاش هەر بەردەوامە. گەلی کورد هاوشان لە گەڵ دۆستەکانی لە ڕۆژی ١٥ی شوباتدا، کە ڕۆژێکی ڕەشە بۆ هەموو کورد، زۆر چالاکی ناڕەزایەتییان لە دژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بەرامبەرڕێبەر ئاپۆ ئەنجامدا. هەروەها ئەو چالاکیی و سەرهەڵدانانەی کە بە پێشەنگایەتی ژنان و بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"لە ڕۆژی ژنانی رەنجدەری جیهاندا ئەنجام دران، گوڕ و تین و خێراییەکی نوێیان بە قۆناخەکە بەخشی. 

بێگومان لوتکەی هەموو ئەمانە پیرۆزبایی پڕ جۆش و خرۆش و بەبڕیاری نەورۆز بوو لە هەر چواربەشی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات. لە ڕاستیدا دەرفەتی ئەوە هەبوو کە پیرۆزباییەکانی نەورۆز لە باشوری کوردستان بە شێوەیەکی جەماوەریتر و بە جۆش و خرۆشێکی مەزنترەوە لە ئاستی گیانی نەورۆزدا بەڕێوەببردرێن. پیرۆزباییەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە شکۆترین پیرۆزبایی ساڵانی ڕابردوو بوون. بێگومان ئەمە گوزارشت لە گیانی خۆڕاگری و هەستی ئازادیخوازی گەلەکەمان دەکات بە درێژایی مێژوو. وەک دەزانرێت گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان هاوشان لە گەڵ گەلانی دی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوام لە تێکۆشاندان. هەروەها لە هەر چوار لای جیهان و بەتایبەتیش لە ئەوروپا، لە هەموو شوێنێک کە کوردێکی لێ بێت، نەورۆز بە جۆش و خرۆش و شانازییەکی مەزنەوە پیرۆز کرا. پیرۆزباییەکانی نەورۆز لە باکوری کوردستان کە بە ملیۆنان کەس بەشدارییان تیا کرد، مۆرکی خۆیان لە قۆناخەکە دا.  بە کورتی دەتوانم بڵێیم کە لە پیرۆزباییەکانی نەورۆزدا، گەلەکەمان بە یەک دڵ و بە یەک دەنگ، نیشانی دا کە چەندە لە تێکۆشان لە پێناو پاراستنی هەبوون و گەیشتن بە ئازادیدا خاوەن بڕوا و بڕیارە.  چ لە کوردستان و چ لە دەرەوی وڵات، لە هەموو شوێنێک کە نەورۆی لێی پیرۆز کرا بە دەیان ملیۆن کەس لە گەلەکەمان و لە دۆستانی گەلەکەمان هەموو بە یەک دەنگ بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ هاواریان کرد. ئێدی هەموو کەس ئەو ڕاستییە دەزانێت کە تا ئەو کاتەی کە ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێت، نە دەسکەوتەکانی گەلی کورد دەپارێزرێن و نە کێشەی کوردیش چارەسەر دەبێت. لەبەر ئەم ڕاستییەیە کە بە دەیان ملیۆن کەس بە ئیرادەیەکی مەزنەوە بۆ ئازادی جەستەیی ڕیبەر ئاپۆ دەنگیان هەڵبڕی و بانگەوازیان کرد.  

بێگومان هەمووی ئەم پێشکەوتنانە بڕوا و هیوای خۆڕاگری و سەرکەوتنی گەلەکەمانی بەهێزتر کردووە. سەرنجڕاکێش ترین و کۆنکرێت ترین نموونەی ئەم بەهێزبوونەش لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی باکوری کوردستان و تورکیادا بینرا.  ئەو ئەنجامانەی کە گەلەکەمان و هێزە دیمۆکراسیخوازەکان بەدەستیان هێنا خاوەن گرنگییەکی مێژووییە. وێڕای هەموو گوشار و  هەڕەشە و فێڵبازییەکانی دەوڵەتی جینۆسایدکاری تورکیا، کورد و هێزە دیمۆکراسیخوازەکان سەرکەوتنێکی مەزنیان بەدەست هێنا. ڕژێمی فاشیستی ئاکەپە پاش ٢٢ ساڵ لە دەسەڵاتداری بۆ یەکەم جارە کە لەم ئاستەدا تووشی شکستێکی گەورە بووەتەوە. هەر چەندە کە هەموو هێزە دژە-فاشیزم و دیمۆکراسیخوازەکانی تورکیا تیایدا رۆڵیان گێڕاوە، بەڵام لەم شکستەی ئاکەپەدا خوڕاگری گەلی کورد دەورێکی چارەنووس سازی بینی. ئەمە بە تایبەت  لە سەرهەڵدانی خەڵکی شاری وان دا بەرجەستە بوو، ئەو شوێنەی کە دیالێکتیکی "گەریلا-سەرهەڵدان"بە شێوەیەکی بەهێز پەرەی سەندووە. 

هەموو ئەم پەرەسەندنانە ئەو ڕاستییەمان پێ نیشان دەدەن کە ‍"پیلانی چۆکپێدانان"ی دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە، کە لە ساڵی ٢٠١٥وە تا ئێستا بە پشتبەستن بە هەموو شێوازێکی دوور لە ویژدان و ئەخلاق لە بەرامبەر گەلەکەمان و بزووتنەوەکەماندا پەیڕەو دەکرێت، بە گورزە جەرگبڕەکانی گەریلا و سەرهەڵدانی بە شکۆی گەل پووچەڵ بووەتەوە و ئەم ڕژێمە بۆ خۆی هێنراوەتە سەر چۆک. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەو ڕاستییەش بزانین کە دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە هەرگیز دەستی لە پلانی جینوسایدی کورد هەڵنەگرتووە. ئەم ڕژێمە بۆتە بەڵایەک بە سەر گەلی کورد و هەموو گەلانی ناوچەکەوە.  دەیەوێت پلانی جینوسایدی سەر کورد بە ئەنجام بگەیەنێت و لە هەمان کاتیشدا هەمیشە مەترسی و هەڕەشەیە بە سەر باقی گەلانی ناوچەکەوە. ئەم ڕژێمە تووشی گرێ عوسمانیچێتی بۆوەتەوە، فراوانخوازە. هێشتاش هەر دەیەوێت عێراق و سوریا و زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکانی ناوچەکە وەکو پارێزگایەکی خۆی ببینێت. لە خۆیدا، سەرچەتەی فاشیستەکان، ئەردۆغان، خۆی وەکو خەڵیفەی پێنجەمی عوسمانی دەبینێت. نەفەسی وایە. ئەمڕۆ ئەم نەفەس و پلانانە هاتوونەتە ئاستی شکست و داڕمان. ئەم پەشۆکاوی و ڕاتڵەکانەیان بۆ ئەوەیە کە ڕێگری لەم شکستە بکەن.  ئابوورییەکەی داڕووخاوە و سیاسەتی گەیشتۆتە بنبەست. لە ئاستی نێونەتەوەییدا هیچ شکۆ و ڕێزێکیان بۆ نەماوەتەوە. باش دەزانن کە ناتوانن ئەم هەموو کێشە گرانە ئابووری و سیاسییەی کە تووشی بوون وا بە ئاسانی چارەسەر بکەن. هەربۆیە، تەنیا ڕێگە چارە لەوەدا دەبینن کە، لە کەسایەتی پەکەکەدا، هێرش و شەڕی جینوساید لە دژی کورد بەڕێوەببن.

دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکار و فراوانخوازە. مێژووەکەی خاوەن میرات و کاراکتەرێکی وەهایە. هەر شوێنێک کە داگیری بکات، وا بە ئاسانی لێی ناکشێتەوە. ئەمڕۆش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات. نیوسەدەیە کە وڵاتی قوبرسی داگیرکردووە و تا ئێستاش  پاشەکشەی نەکردووە. هەروا بە ئاسانیش لەو شوێنانەی کە لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان داگیری کردووە، ناکشێتەوە. کاتێک کە مەسەلە دێتە سەر کورد، ئەم تایبەتمەندییەی دەوڵەتی داگیرکەر و جینوسایدکاری تورکیا زیاتر و زیاتر زەق دەبێتەوە.  بۆیە هەموو ڕۆژێک هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان و هەموو سەرخان و ژێرخانی ژیان و ئابووری رۆژئاوا بۆردمان دەکات و دەیەوێت رۆژئاوا بهێنێتە سەر چۆک. واتە، ئەوەی کە نەیتوانی بە هێرشی داگیرکاری و جینوساید پێکی بهێنێت دەیەوێت لە ڕێگەی برسی هێشتنەوە، بێکار هێشتنەوە و کۆچی زۆرەملێ سەری بخات. لەبەرامبەر ئەمەشدا گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هەموو بە یەک دڵ و یەک بڕوا و بە بەردەوامی خوڕاگری دەکەن. 

بەغداد ئەم تایبەتمەندییە داگیرکاری و فراوانخوازییانەی دەوڵەتی تورکیا زۆر بە باشی دەزانێت، هەر بۆیە پێویستە لە بەرامبەر ئەم هێرشانەی کە دەیکاتە سەر عێراق و باشوری کوردستان بێدەنگ نەمێنێت، کاردانەوە و هەڵوێستی هەبێت.  ئەمانە پێویستییەکی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەرن.  دەوڵەتی جینوسایدکاری تورکیا دەیەوێت بە واژۆکردنی چەندین رێککەوتن لەگەڵ عێراق، ئەم دەوڵەتە بکاتە هاوبەشی شەڕ لە دژی پەکەکە. پێویستە عێراق بەم پیلانە هەڵنەخەڵەتێت و نەکەوێتە ناو گەمەیەکی وەها چەپەڵەوە. ئەگینا دەکەوێتە خزمەت ڕەوایەتی دان بە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیاوە و شەرەف و حەیسیەتی عێراق گورزێکی گەورەی لێدەکەوێت.  ئەمە لە کاتێکدایە کە پەکەکە هێچ کاتێک زەرەری لە بەرژەوەندییەکانی عێراق نەداوە. بەردەوام سیاسەتی دۆستایەتی و بەرژەوەندی هاوبەشی بە بنەما وەرگرتووە. بەڵام،  وا دیار دەبێت کە هەندێک لە چاوپێکەوتنەکانی دەوڵەتی جینوسایدکاری تورکیا لە گەڵ دەوڵەتی عێراق راستەوخۆ پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە. بە تایبەت، ئەگەر ئەو بڕیارەی کە وابانگەشە دەکرێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەبارت بە پەکەکە گرتوویەتی ڕاست بێت، ئەوا ئەو بڕیارە چەندە زەرەر لە پەکەکە دەدات، ئەوەندەش زەرەر لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق دەدات. هیوا و داخوازیمان ئەوەیە کە نە دەوڵەتی عێڕاق و نەش ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق  بڕیارێک وەرنەگرن کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو لامان نەکات. هەروەها هیوادارین کە دەوڵەتی عێراق، نەبێتە ئامرازێک بۆ پیلانە گڵاوەکانی دەوڵەتی داگیرکەر و فراوانخوازی تورکیا و خۆنەچەماندن بەرامبەر تورکیا بە بنەما وەربگریت. 

هەموو گەلی کورد ئێدی ئەو ڕاستییە دەزانن کە پەدەکە، وەک هاوبەشێکی دەوڵەتی داگیرکەر و جینوسایدکاری تورکیا، ڕێگایەکی زۆر خراپ و نەگریسی گرتۆتە بەر. پێویستە پەدەکە هەرچی زووترە لەم ڕێگایە بگەڕێتەوە و  پاشگەز ببێتەوە. پێویستە پەدەکە بە شێوازێکی گێرەشێوانە بیرۆکراسی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی عێراق بۆ دژایەتی پەکەکە بەکار نەهێنێت و هەوڵ بۆ ئەوە نەدات کە لەسەر ناوی عێراق بڕیار لە دژی پەکەکە وەربگیردرێت. بەڵام  پەدەکە وەها هەڵسوکەوت دەکات وەک بڵێی لەم بوارەدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی گرتبێتە ئەستۆ. هێشتاش بەشێوەیەکی زۆر بەدشووم و نەگریسانە بیرۆکە و پێشنیار پێشکەشی دەوڵەتی تورکیا دەکات کە ئەم دۆڵەتە چۆن بتوانێت داواکارییەکانی بە سەر دەوڵەتی عێراقدا بسەپێنێت و وای لێ بکات کە لە دژی پەکەکە هەڵوێست وەربگرێت و شەڕ بکات. پەدەکە هەروەها ئەو ڕاوێژ و بیرۆکەیە دەدات بە دەوڵەتی تورکیا کە ئەگەر یەنەکە بەشدار نەبێت، شەڕ لە دژی پەکەکە ئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت و بەم شێوەیە دەوڵەتی تورکیا هاندەدات لە زەخت و گوشار بخاتە سەر یەنەکە. لە لایەکی دیکەشەوە، بووەتە پێشقەراوڵ و کەواسووری پێش سوپای داگیرکەری تورکیا و هەموو جۆرە زانیارییەکی ئیستیخباراتی و ئیمکانیاتی لۆجیستیکی پێشکەش دەکات. وەکو ئاسانکارییەک بۆ دەوڵەتی تورکیا لە دژی گەریلای ئازادی کوردستان خەریکە ڕێگا و سەربازگە بۆ سوپای داگیرکەری تورکیا دروست دەکات. لە هەر شوێنێک کە بزانێت ڕێگای هاتووچووی گەریلایە بۆسە دادەنێت و بەمجۆرە هەوڵدەدات ئاستەنگی دروست بکات بۆ ئەوەی کە گەریلا نەتوانێت پێویستی لۆجیستیکی و چەک و جەبەخانە بۆ خۆی دابین بکات. هاوکات لە گەڵ ئەمە، لە پێناو پاراستنی بنکە و بارەگا و سەربازەکانی تورکیادا هەر کاتێک پێویست بکات جلی پێشمەرگە دەکاتە بەر سەربازی داگیرکەری تورکیا و هەرکاتێکیش پێویستی کرد جلی سوپای داگیرکەر دەکاتە بەر پێشمەرگە. واتە، پەدەکە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشداری ئەم شەڕەیە. ئەوەی کە پەدەکە لە دژی شەڕ دەکات، کەسێک نییە جگە لە گەریلای ئازادی کوردستان، جگە لە هەپەگە و یەژەئا ستار (YJA-Star)، واتە کچ و کوڕی لاوی کورد کە بۆ پاراستنی نیشتمان دەجەنگن.  

ئەم دۆخە شۆمەی بەکرێگیراوێتی کە پەدەکە تێکەوتووە و هەموو ژێنەکانی جەستەی تەنیوە  هۆکاری سەرکی ئەو کێشانەیە کە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان رووبەرووی بووەتەوە. لە کاتێکدا کە بنەماڵەی بارزانی لە لوتکەی خۆشگوزەرانیدا ژیان بەسەر دەبەن و ئەوەندەیان لە ماڵی ئەم خەڵکە دزیوە کە تێری خۆشگوزەرانی نەوەی نەوەکانیشیان دەکات، گەلەکەمان لە باشوری کوردستان لە لوتکەی هەژاری و نەداری دا ژیان بەسەر دەبات. هەموو رۆژێک بە سەدان کەس بۆ ئەوەی کە باشوری کوردستان بە جێی بهێڵن گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، خۆیان لە سنوورەکان دەدەن و بۆ وڵاتانی دی کۆچ دەکەن. پەدەکەش هەموو ئیمکانیاتی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی بنەماڵەیی بەکار دەهێنێت و ڕەنگی دەوڵەتێکی پۆلیسی و سەربازی لە خۆ گرتووە. هیچ مەودایەکی بۆ  وشیاری دیمۆکراتی، چالاکی دیمۆکراتی و ناڕەزایەتی دیمۆکراتی نەهێشتۆتەوە. لە کاتێک دیاردەی خۆ کوژی ژنان هەر رۆژە و لەزیاد بوون دایە، پەدەکە بۆ ئازادی ژن و مافی ژنان هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە. بە پێچەوانەوە، بە پشت بەستن بە زیهنییەتێکی پیاوسالارانە، ڕژێمێکی دیکتاتۆری بەسەر خەڵکدا سەپاندووە. دەسەڵاتێکی ستەمکار و ملهوڕی بونیاد ناوە و بە کوشتن و بڕین وڵات بەڕیوە دەبات. گوشار و نایەکسانی و بێ عەدالەتی هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە. لە کاتێکدا کە سەروەت و  سامانەکەیان بانکەکانی دونیای تەنیوە، مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و هەموو ئەو کەسانەی کە بۆ ئەم وڵاتە ڕەنج دەکێشن دەبڕدرێت و پاشەکەوت دەکرێت. تەنیا لەبەر خاتری سەڵتەنەتی بنەماڵەیی خۆیان ئامادەن  هەموو قەوارەی باشوری کوردستان بخەنە مەترسییەوە. ئەگەر لە ساڵی ٢٠٠٥وە کە باشوری کوردستان بوو بە خاوەنی ستاتۆیەکی فیدراڵ، سیاسەتێکی دیمۆکراتی و بەڕێوەبەرایەتییەک لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا پەێرەو بکرایا، هیچێک نەدەما کە وەکو کورد نەتوانین بەدەستی بهێنین. لە کاتێکدا کە  پێویست بوو  زۆرترین ماف و ئازادی و دیمۆکراسی لە هەرێمی کوردستاندا دەستەبەر بکرێت، کۆمەڵگای ژێر دەسەڵاتی پەدەکە رووبەڕووی گوشار و چەوسانەوە دەبنەوە و دەنگیان کپ دەکرێت، هەر بۆیە مرۆڤەکان بۆ هەناسە وەرگرتن ناچار دەبن روو لە هەندەران بکەن. پەدەکە ئێستاکە لە گەڵ دادگای فیدراڵی عێراقیشدا بەشەڕدا هاتووە. ئەۆ ١١ کورسییەی کە بۆ کۆتای کەمینەکان (کە ئێمە بە ئەمانە دەڵێین پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان) دانرابوون، پەدەکە بۆخۆی پۆلێنی کردبوو و کەڵکی لێ وەردەگرت. ئەم مرچ و مۆن بوونەی پەدەکە هۆکارەکەی تا ڕادەیەک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  بەڕیوەبەرایەتی بەغداد ئەم یاسایەی گۆڕیوە. وەک دەزانرێت هەڵبژاردنەکانی باشوری کوردستان تا ئێستا بە گوێرەی سیستەمی یەک بازنەیی بوو. لەبەر ئەوەی کە پەدەکە پێشتر بە کەیفی خۆی ئیستیغلالی ئەم سیستەمەی دەکرد، ئێستا کراوە بە چوار بازنە، بەڵکۆ سیستەمەکە زۆرتر دیمۆکراتی بێت. هەروەها دادگای فیدراڵی عێراق کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکانی باشوری کوردستانی هەڵوەشاندۆتەوە. چۆنکە پەدەکە ئەم کۆمیسیۆنەی لەوەتەی هەیە بۆ خۆی قۆڕخی کردووە.  واتە، پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی تەنیا  بەرژەوەندییەکانی خۆیانیان بە بنەما گرتووە و هیچی تر.  ئەم هەڵوێستەی پەدەکە هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارانەیە. بە تایبەت، لەم ساڵانەی دواییدا کاردانەوەی گەل لە بەرامبەر پەدەکە هەرکو دەچێت زیاتر و زیاتر دەبێت. کاریگەری پەدەکە لەسەر گەل کەم دەبێتەوە و هەم لەبواری سیاسی و هەم لەبواری ئابوورییەوە تووشی زۆر و زەحمەتییەکی جیددی هاتووە. هەربۆیە هەڕەشەی بایکۆت کردنی هەڵبژاردن دەدات. ناوێرێت بەشداری هەڵبژاردن ببێت. یەکێک دی لە کێشە هەرە گەورەکانی باشوری کوردستان بڕین و پاشەکەوتکردنی مووچەی خەڵکە. پێویستە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان ئەم ڕاستییە بە باشی بزانێت. بنەماڵەی بارزانی هێزێکی بەناوی پێشمەرگەی رۆژ  دروست کردووە کە ئارمانجەکەی تەنیا خزمەتکردنی ئەم بنەماڵەیەیە.  بۆ خزمەتکردنی خۆی دروستی کردووە. ئەم کەسانەی گوایە بە ناو پێشمەرگەی ڕۆژ  هیج یەکیان خەڵکی باشوری کوردستان نیین. هەموویان خەڵکی ڕۆژئاوان. ژمارەکەیان لە نێوان دە تا بیست هەزاردا دەخەمڵێنرێت. ئەم هێزە بەدشۆمە تەنیا و تەنیا بۆ شەڕ کردن لە دژی پەکەکە دروست کراوە. مووچەی ئەمانە لە مووچەی بڕاو و پاشەکەوتکراوی مامۆستایان و فەرمانبەران دەدرێت. 

دەکرێت کە کێشە لە نێوان پەدەکە و پەکەکەدا هەبێت. هەر وەها دەکرێت کە کێشە لە نێوان زۆربەی رێکخستن و لایەنەکاندا هەبێت. ئەمانە شتێکی ئاسایین. بەڵام چارەسەرکردنی ئەم کێشانە لە ڕێگای گفتوگۆ و دانۆستاندنەوە شتێکە، پشت بەستنی خیانەتکارانە بە دوژمنی کورد، بەتایبەت دوژمنێکی داگیرکەری فراوانخواز و جینوسایدکاری وەک دەوڵەتی تورکیا شتێکی دیکەیە. پەکەکە هیچ کاتێک لە دژی نرخ و بەهاکانی گەلی کورد، لە دژی هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی کورد پشتی بە هیج دەوڵەتێک نەبەستووە و شەڕ و دوژمنایەتییەکی وەهای لەگەڵ هیچ لایەنێکدا نەکردووە. هەموو ئەندامانی بەڕێوەبەرایەتی، لە سەروی هەمووشیانەوە ڕێبەر ئاپۆ، بە دوور لە ژیانی ماددی و زیهنییەتی دەسەڵاتخوازی، بە"تیکە نانێک و کراسێکەوە"، ژیانێکی دەروێشتانە دەژین، هەموو ساتەکانی ژیانیان بۆ خزمەتی گەلەکەیان تەرخان کردووە و لە دەرەوەی ئەوەش هیچ لێگەڕین و هەوڵدانێکیان بۆ ژیانی شەخسی خۆیان نییە. پەدەکە‌ش نوقمی  بەرژەوەندی ئابووری و ڕانت و تاڵان و بەرتیل و گەندەڵی بووە. هەربۆیە دوژمنایەتی پەکەکە دەکات و بە هاوکاری و پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا هێرشی سەر پەکەکە دەکات. 

لێرەدا بانگەوازیمان بۆ هەموو گەلەکەمان، پێشەنگانی سیاسەتی دیمۆکراتی، کەسایەتییە ئەکادیمییەکان، رۆشنبیران و بەتایبەت ژنان و گەنجان ئەوەیە کە وەک ماف و  ئەرکێکی دیمۆکراتی، بە وردی بەدواداچوون بۆ ئەم قۆناخە مێژووییە بکەن، لە دژی هەموو کەسێک کە بەکرێگیراوێتی بۆ دوژمنانی کورد دەکات، بەتایبەت لە دژی پەدەکە کە لەم بوارەدا هەموو سنورێکی تێپەڕاندووە، هەڵوێست وەربگرن و ڕەخنەی بکەن. 

جەمیل بایک،
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان


15/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر