ڕامان لە ئێران

د. سه‌ردار عه‌زیز

کتێبخانەی ناوەندی شارەکەمان نەرێتێکی جوانیان هەیە، هەر کاتێک لە هەر کوێیەکی دونیا ڕوداوێک یان قەیرانێک ڕودەدات ئەوا لە ئەرشیفخانەکەیاندا هەر کتێبێکیان لەو بارەوە هەبێت جارێکی تر دەیخەنەوە بەردەستی خوێنەران. ئەم ڕۆژانە کتێبی دواین سەفەری شا-م هێنا، کە نوسەری ئەمریکی ولیەم شۆکرۆس لە ساڵی ١٩٨٩ لە چاپی داوە. شا، وەک عەباسی میلانیش لە بایوگرافییەکەی بە ناوی شا-دا باسی دەکات، خاوەن کەسایەتیکی لەرۆزک بوو. بەڵام لە دوا ساڵانی دەسەڵاتیدا تەواو توانای عەقڵی لە دەستدابوو. شا کۆمەڵێک خەسڵەتی هەبوو کە زۆر گرنگن بۆ تێگەیشتن لە سروشتی پیادەکردنی دەسەڵات، نەک تەنها لە ئێران بەڵکو لە سەرتاپای ناوچەکە. شا بە دابڕاو لە خەڵکی ئێران دەژیا. بە هیچ شێوەیەک خەڵکی ئێران خاوەن کەسایەتی و سەنگ و ڕێزنەبوون لە لای ئەو. لەناو بازنەی شا-دا ڕۆشنبیرانی ئێران زاراوەیەکی تایبەتیان بۆ داڕێژرابوو کە پەیوەستکرابو بۆ پیساییەوە. لە بەرامبەردا شا تەنها گوێی لە ڕاوێژکارانی بیانی دەگرت، بە تایبەتی باڵوێزانی ئەمریکی و بەریتانی. هەرچەندە هەمیشە گومانی لە ئینگلیز هەبوو. قسەیەک لەو سەردەمەدا هەبوو، ئەگەر ڕیشی هەر مەلایەک بەرزکەیتەوە لە ژێریدا نوسراوە، لە بەریتانیا دروستکراوە. 
دەکرێت بە کورتی بڵێین کە شا قوربانی مۆدێرنەی نەوتی و پێگەی جیوپۆلەتیکی ئێران بوو. مۆدێرنەی نەوتی ئەو دۆخەیە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئێستای کوردستانیشدا ڕودەدات. کۆمەڵگا بە خێرایی بە شاریی دەبێت، بەهاکان جێگۆڕکێ دەکەن، هیچ شتێکی جێگیر نامێنێت، جیاوازی زۆر لە نێوان توێژەکانی کۆمەڵگادا دروست دەبێت، ئاگایی بەرزدەبێتەوە بەڵام دەرفەتەکان یەکسان نین. خەڵکێکی کەم زۆر شاد دەبن، خەڵکێکی زۆر، زۆر ناشاد. پارە دەبێتە ئامراز و بەهایەکی باڵا. بونی و نەبونی پارە پێوەری هەر سەرەکی سەرکەوتن و شکستی کەسەکانە. 
جارێک باڵوێزی بەریتانی بە شا دەڵێت، ئەو وەرچەرخانە خێرایەی کە ڕویدا خەڵکێکی زۆر هاتنە شارەکان، کە نرخی نەوت دابەزی هەمویان لە هەموو دەرفەت و هیوایەک بێ بەریی بوون، لە ئەنجامدا بوون بە زەخیرەی وتارە ئاگرینەکانی خومەینی. 
لێرەدا دەمەوێت باس لە پرسێکی ئاڵۆزبکەم لە چەند دەیەی یان گرە سەدەی ڕابوردودا بوەتە داڕێژەی مێژوو لە ناوچەکەدا، ئەویش پرسی مۆدێرنبون و دژە مۆدێرنەیە. 
ئەگەر مۆدێرنە کرۆکێکی هەبێت ئەوروپایە. لەم کرۆکەوە مۆدێرنە بە شەپۆل و شێوازی جیاواز، لە سەردەمی ناپلیونەوە،  بەرەو دەرەوە هاتوە. بۆ نمونە باری بۆزان و ئەوانیتر بڕوایان وەهایە کە گەشەی خێرای وڵاتی چین لە ئەنجامی بە جیهانیی بونی مۆدێرنەیە. بەڵام پێگەی جوگرافی ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە لەم پرسەدا. ئێران لە پەراوێزی ئەوروپادایە، وەک تورکیا و روسیا هەمان پێگە و جۆری پەیوەندی هەیە لە گەڵ ڕۆژئاوادا، ئەویش پەیوەندی پڕ لە ڕق و خۆشەویستییە. ئەو کارانەی لە سەر ڕوس و تورک و عەرەب کراون بە گشتی هەمیشە لە نێوان باوەشکردن و دژایەتی مۆدێرنەدا جۆلانێیان کردوە. ئێرانیش هەروەها، شا و خومەینی دوو سیمبولی ئەم دیاردەیەن. بۆ من، جۆرێکە لە برینداربوون لە پەیوەندییەکەدا هەیە. وەک میتافۆرێک برینداربوون یانی هێندە نزیکی ناتوانیت خۆت بپارێزیت، بەڵام لە هەمانکاتدا یانی ئازار چەشتن. ماو تسی-تۆنگ بەم دۆخە دەڵێت نیمچە فیودال-نیمچە کۆلۆنیال. ئەم دۆخی نیمچە ناسەقامگیرە، لە ئەنجامدا دۆخێکی وەهای دروستکردوە کە کەڵەکەبون و گەشە دروست نابێت، بەڵکو هەمیشە دوانەی بونیاد و ڕوخان لە ئارادایە. بیرمەندی ئێرانی همایون کاتوزیان بە ووردی باس لە  ئەم دۆخە دەکات. لای همایون یاسا لە کرۆکی ئەم پرسەدایە. یاسا، لێرەدا دۆلۆزیان بیری لێدەکەمەوە، پرۆسەی لە قاڵبدانی تواناکان و دەزگاکانە. یاسا کردەیەکی نێگەتیفە. نێگەتیف بە مانای خراپ نا. لە ئێران و دەوروبەری دەسەڵاتدار یاسا ناناسێتەوە، کاتێک دەسەڵات یان دەزگا یاسای نیە، ئەوا دەسەڵاتێکی بێسنوری هەیە. همایون باس لە شا عەباسی یەکەم دەکات کە چۆن باوکی کوێر کرد، کوڕێکی خۆی کوێر کرد [ لێرەدا جێگای سەرنجە ئاماژە بە ئەفسانەی ڕۆستەمی زاڵ بدەین کە چۆن بە سەر کوڕەکەی خۆیدا زاڵ دەبێت]، پاشان کوشتنی. ئەمە لە مێژوی هیچ ستەمکارێکی ئەوروپیدا ڕوینەداوە. ئەمە هەروەها لای عوسمانییەکان دەیبینین. هەتا ئەمڕۆ پەیوەندی دەسەڵات و یاسا، پەیوەندییەکی نامۆدێرنە لە ناوچەکە، بە کوردستانیشیەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە لە جێگایەکی وەک کوردستان یاساگەرێتی و یاساچێتی زۆرن، کوردستان پڕیەتی لە دادوەر و دادگەر و پارێزەر، بەڵام بیرمەندێکی یاسایی بونی نیە. ڕەهەندی فەلسەفی یاسا سفرە. بە نەبونی ئەم پاشخانە فیکرییە، یاسا تەنها وەک ئامرازێک دەبینرێت نەک وەک پرۆسەیەکی فیکری دانوستانکاریی لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگا و دەزگادا. بۆ نمونە دادوەرێک سەر بە چ قوتابخانەیەکی فیکرییە، ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەیە لە سەر ئەوەی کە چۆن دەستور یان یاساکان ڕاڤە دەکات.  بۆ نمونە لە ئەمریکا چەندین قوتابخانەی فیکریی هەیە بۆ ڕاڤەکردنی دەستور وەک بنەڕەتێتی، بونیادی، تێکستچوالێتی، ئیپۆس، پراگماتیزم و زۆری تر. ئەمە لە پرسی ڕاڤەی دەستوری عێراقدا کێشەیە، هەروەها لە داهاتودا لە کاتی هەبونی دەستور لە کوردستان دەبێتە کێشە، بە تایبەتی کە ئاستی ئاگایی فیکریی و فەلسەفی دادوەر و ئەوانەی لە بواری یاسادا کاردەکەن زۆر لاوازە.
 ئێستا ئێرانییەکان پاش چل ساڵ، دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شا. هەوادارانی شا یەکێکن لە گروپە بەهێزەکان. بەرهەمهێنانەوەی شا، لە پرۆسەیەکی نۆستالیجیادا، کردەیەکی سەرنجڕاکێشە، بەڵام جێگای سەرسوڕمان نیە. ئەمە لە ناو توێژێکی تایبەتدا لە عێراق و کوردستاندا دەبینرێت بەرامبەر سەدام. وەک چۆن لە ئەڵمانیا و ئیتالیا لە نێو فاشی و نازییەکاندا بەرامبەر مۆسۆلینی و هیتلەر دەیبینیت. جۆلانێکردن لە نێوان شێوازە دژ بەیەکەکان، کورتکردنەوەی سیاسەت بۆ کردەی پەرچەکرداریی، بینینی کردار و ڕەفتاری  لایەک بە تەواوی باش لایەکەی تر بە تەواوی خراپ، دۆخێکی سیزفی وەهای بەرهەمهێناوە کە بونیاد و سفرکردنەوە، بوەتە نەریت. ئەمە لای خۆپێشاندەرانی عێراقیش دەیبینی کاتێک زۆرینەی دەیانەوێت سیستەمی پەرلەمانی هەڵبوەشێننەوە و دیسانەوە پیاوی بەهێز دروست بکەنەوە. گرنگ نیە قارەمان بیت، ئازابیت، ڕاپەڕیت یان دژ بە ئەم و ئەو بیت، گرنگ ئەوەیە ئایا دونیابینییەکت هەیە کە لە ئەنجامدا بتوانیت بونیادبنێیت. 
ئایا هۆکاری ئەم دۆخی جۆلانێییە، زاڵبونی سۆزە بە سەر ئاوەز یان عەقڵدا. لە هەناو کەلتوری ئێرانیدا، پرسێک هەیە، دەپرسێت: بۆچی ئێران هونەر و ئەدەبی هەیە بەڵام فەلسەفە و زانستی نیە؟ ئێمە ئامانجمان نیە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە، بەڵام کردنی پرسیارەکە ئاماژەیە بۆ بونی قەیرانێکی لەوجۆرە. کەواتە ئێمە لە دۆخێکی بەرفراوانی کارنەکردنی عەقڵداین لە بەرامبەر ڕوداو و پرسەکان. 
لە ڕۆژانی ڕابوردودا بەڕێزێک لە ڕۆژهەڵاتەوە لینکی گفتوگۆی دوو بیرمەندی ئێرانی بۆ ناردم کە لە تەلەفزیونی سەدا و سیما دەربارەی دۆخی ئێران گفتوگۆ دەکەن. تەقیزادە ئەرمەکی و ئیبراهیم فەیاز باس لە نائارامی دەکەن لە هەناو کۆمەڵگای ئێرانیدا.
بە دیدی ئەوان ئێران فەرهەنگ و دید و فەلسەفەی نیە. بۆ نمونە پۆلیسی ئەخلاق بۆیە پێویست دەبێت چونکە سیستەم لە کارکەوتوە. کاتێک گوێ بیست و خوێنەری ئەو بەڕێزانە بووم خەیاڵم بۆ لای کتێبە دانسقەکەی ڕۆبەرتۆ ئیسپۆسیتۆ ڕۆشت بە ناوی دەزگاییکردنی بیر: سێ پارادایم لە ئەنتەلۆجیای سیاسی.  Roberto Esposito. Instituting Thought Three Paradigms of Political Ontology 
 کتێبەکەی ڕۆبیرتۆ زۆر ئاڵۆزە، هەوڵدەدەم لە داهاتودا بێمەوە سەری. هەرچەندە ئەو کتێبەی لە گەڵ هاوسەرەکەمدا پلانمان بۆ داناوە بیخوێنینەوە، کتێبێکی جودایە بە ناوی بیری ژیانراو، کە باس لە گرنگی ژیاریی فەلسەفەی ئیتالیی دەکات. بەڵام بە دڵنیاییەوە پرسی یاسا و دەستور و دەزگا و بونیادنانیان، کاراکردن و بەڕێوەبردنیان، گۆڕینی عەقڵیەتی گشتی بەو ئاراستەیەدا پێویستی بە وەرچەرخانی ئاڵۆز و گەورەیە، کە بە هیچ شێوەیەک بە کەسانی سیاسی ناوچەکە ناکرێن. گەر بە کورتی ئاماژە بە کێشەی جیوپۆلەتیکی بکەم، بە گشتی دوو ڕەهەندی هەیە: یەکەم، جیوپۆلەتیکی ئێران خۆی، لە گەڵ پێگەی ئێران لە دونیادا، ئەم دوانە هەمیشە تەبانین. 
ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە لە پرسی ئەمڕۆ بنواڕین لە ئێراندا، کە پرسی پەچە یان سەرپۆشە، ئەوا پرسەکە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە پیادەکردنی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات بە مانا فراوانەکەی. سەرپۆش ئافرەت لە مرۆڤێکەوە دەگۆڕێت بۆ بونەوەرێکی کەلتوری کە دەسەڵات دەبێت بیکێڵێت. بەڵام کاتێک ئافرەت بەرگریی دەکات، ئەوا دەستوبرد دەبێتە مەترسی. وەک مەترسییەک وەها دەبینرێت کە لە بڕی کێڵگەی کۆماری ئیسلامی دەبێتە پانتایی یان کێڵگەی بیری نەیاری کۆمار. هەرچەندە زاڵبونی ژن کردنەوەی پانتاییەکی نوێیە، بەڵام ئێرانییەکان زۆریان ماوە بۆ ئەوەی بتوانن دونیایەکی جیاواز دروست بکەن و لە جۆلانێی نێوان ستەمکارەکاندا  بێنە خوارێ.


19/10/2022



وتارەکانی تری نوسەر