بەغدا، لە داخا

د. سه‌ردار عه‌زیز

بەغدا وێنایەکی تری هەیە لە واقیعی ڕاستەقینەی خۆی لای کورد. ئەوەی ئەم وێنایەی بەرهەم هێناوە، ئاگایی و دیدی و بەرژەوەندی نیشتمانی نیە؛ بەڵکو شتێکی زۆر تایبەتە لە دونیای کوردیدا ناوی دەنێم دیاردەی لە داخا. لە داخا هەڵوێستێکی پەرچەکرداریی دەرونیی ناعەقڵییە، کە کەسێک بەرامبەر کەسێکی نزیکی دەیگرێتە بەر و هێندە گەورە دەبێت لە لای کە هەموو شتێکی تر لە بەرامبەریدا پەراوێز دەخات.  بەکورتی زاڵبونی سۆزە بە سەر ئاوەزدا. 
کورد لە داخی حکومەتی هەرێم، بەغدایان پێباشە. سلێمانی لە داخی هەولێر بەغدایان پێباشە. هەولێر لە داخی سلێمانی دەچن بۆ بەغدا. ئەم دۆخە دەرونییە زادەی مێژو و کەلتور و ڕەفتاری کۆنی مرۆڤی کوردە بەرامبەر یەکتر. پەندی پێشینانی زۆری کوردی هەیە کە مامەڵە لە گەڵ ئەم پرسەدا دەکەن. کورد دڵڕەقە لە گەڵ کوردێکی تردا، بەڵام زۆر موو نەرمە بەرامبەر غەیرە کوردێک. 
ئەم چوارچێوەیە دەتوانێت بنەمای ململانێکانی ئیمارەتە کوردییەکان لێک بداتەوە. نەبونی توانای کورد لە باشور لە زێڕینترین دەرفەتدا هەتا بە سەر گرێ دەرونی و شەخسییەکانیاندا زاڵبێت و دەزگا بەرهەم بهێنن، یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی ئەم دۆخی لە داخایە. کاتێک لە ڕوانگەی شەڕی ناوخۆوە تەماشای دەکەیت بە ڕونی هۆکاری هەڵوێست و ڕەفتاری لە داخات بۆ دەردەکەوێت. 
لە سەردەمی ڕۆمانەکانەوە شاعیری گەورە لوکان لە دەقی دی بیلۆ سیڤیللی ئەوەمان پێدەڵێت کە شەری ناوخۆ سەختترە و درەنگتر زامەکانی ساڕێژ دەبن.
شەڕی ناخۆ گەرچی وەک شەری سەنگەر بونی نەماوە بەڵام بنەمای کولتوری لە داخا دادەڕێژێت لە باشور. لە داخا دۆخێکە کە مرۆڤ جۆرێک لە نابینایی توش دەبێت. پاڵنەری دەرونیی و یادەوەریی و مەترسی بەرژەوەندی وەهای لێدەکات کە هەموو ڕەهەندەکانی تر فەرامۆش بکات و تەنها لە سەر ئەوە سوربێت چۆن پێچەوانەی نەیارەکەی یان ڕکەبەرەکەی بێت.
ئێستا هەرێم لە سەر ڕێچکەی گەڕانەوەیە بۆ بەغدا. ئەم پرۆسەیە هێشتا لە سەرەتادایە. یەکێک لە دەستکەوتەکانی بڕیاڕی دادگای ناوبژیوانی پاریس زەمینەسازان بوو بۆ ئەم گەڕانەوەیە. ئامانجی دادگای پاریس لای نوخبەی عێراقی سزادانی تورکیا یان قەرەبوو نەبوو، بەڵکو کۆنترۆڵکرنی هەناردەی نەوتی هەرێم بوو وەک شادەماری ئەو جۆرە سەربەخۆییە هەرێم هەیبوو. ئێستا ئەگەر تورکیا ئەو برە پارە کەمە دەدات یان نا، بۆ عێراق پرسێک نیە. 
هەرێم لە کاتێکدا دەسەڵاتی لە دەست دەدات کە لە ناوەوە و دەرەوە هێزی نەرمی لە دۆخێکی ئێجگار خراپدایە. هێز یان دەسەڵاتی نەرم، سەرەتا لای جۆزێف نای وەها پێناسە دەکرا کە بەشێکە لە سیاسەتی دەرەوە، بەڵام بە هاتنی مۆدێلی چینی ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دەسەڵاتی نەرم تەنها ڕەهەندی نێودەوڵەتی نیە، بەڵکو ڕەهەندی ناوەکیشی هەیە.
هەموو ئەوانەی بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ بەغدا دەکەن، پاڵنەری هەرە سەرەکییان لە داخایا، بێگومان هەندێک بەرژەوەندی بونی هەیە. ئەگەر نوخبەی سیاسی کوردی زۆربەی داهاتی کوردستان دەبات ئەوا باشترە بەغدا دەستی بە سەردا بگرێت، ئەمە بەهانەی سەرەکییە. بەغدا بە ئامار و بە ئەزمون و بە بەرچاوی هەموانەوە خراپترین تۆماری هەیە لە بواری گەندەڵی، نەبونی خزمەتگوزاریی، ئاسایش، هەژاریی، پەیوەندی خەڵک و حکومەت و هەموو بوارەکانی تر، بەڵام ئەمانە هیچ کێشە نین، بەڵکو ئەوە کێشەیە، کە ئەگەری هەیە پارەی نەوتەکە بچێتە دەستی بەغدا ئەوا موچەی فەرمانبەران بە تەواوی و بەبێ دواکەوتن دەدرێت، ئیتر هەرچی دەبێت، باببێت. خوای دەکرد موچە دەهات، هەرچی دەبێت با ببێت، ئەمە جۆرێکی باوە لە دەربڕینی فەلسەفەی لەداخا.
مرۆڤی کورد ئەم تێگەیشتنەی لە سەر ئەو بنەمایە بونیادناوە، کە چونکە موچەخۆری بەشەکەی تری عێراق موچەی دواناکەوێت، ئەوا بە چونە سەر بەغدا ئەمانیش موچەیان دوا ناکەوێت. ئەمە هەموو پاڵنەرە جەماوەرییەکەیە. ئێمە هیچ دڵنیانین کە ئەمە ڕودەدات. چونکە موچەخۆر بەشێکی سەرەکی سیستەمی سیاسی هەرێمە، ئەگەر بێتوو بەغدا موچەی هەموان بدات، ئەوا یانی بەبێ هیچ کێشەیەک دەیەوێت خزمەتی سیستەمی سیاسی هەرێم بکات، ئەمەش چاوەڕوان نەکراوە. لە بەغداش و لە هەرێم دامەزراندن و موچەخۆریی پرۆسەیەکی سیاسیە نەک مەدەنی یان حوکمڕانی، خەڵک لە سەر بنەمای سیاسی دادەمەزرێن نەک پێداویستی و توانا.
بەڵام ئەگەر ئاوڕێکی خێرا لە مێژوی ئەم سیستەمەی عێراق بدەینەوە دەبینین لە سەر کۆمەڵێک بنەما دروستبوە کە بەو ئاراستەدا دەڕوات، کە سیستەمی سیاسی هەرێم وەک خۆی قبوڵ نەکات. کۆنگرەی لەندەن لە ساڵی ٢٠٠٢ لە هەموو ساتەوەختێک زیاتر دەرخەری نیەت و نیازی هێزەکانی عێراقە. لەو کۆنگرەیەدا دوو پرس کاریگەربوون، یەکێکیان پرسی ئاین ئەویتریشیان پرسی فیدڕاڵی. زۆربەی هێزە شیعییەکان دەوڵەتێکی ئاینی مەرکەزییان دەویست، بەڵام کورد داوای فیدڕالییان دەکرد، لە ئەنجامدا کورد بە مەرجێکی پشتیوانی بە مەرجەعکردنی ئیسلامی کرد کە ئەوان دان بە فیدڕالیدا بنێن. ئەم ڕێکەوتنە پڕیەتی لە کێشە. 
یەکەم، شیعە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری پرۆژەی دەوڵەتی دینی نەبون، بەڵام زیاتر لە سەری سورن چونکە بنەمای ئەوە دادەڕێژێت کە حکومی درێژخایەنیان بۆ عێراق دابڕێژن.  ئێستا دەڵێن سەدر دەوڵەتی دیدنی دەوێت، بەڵام ئەمە یارییە. دووەم، بونی ئاین و دیموکراسی یان عەلمانی بە بنەما لە هەمانکاتدا دۆخی ململانێ بەرهەم دەهێنێت، وەک لە ئێران دەیبینین، ئیسلامی زاڵترە بە سەر کۆماردا. لە عێراقیشدا ئاین، کە یانی ئاینی شیعە زاڵتر دەبێت بە سەر دیموکراسیدا. سێیەم، فیدڕاڵی کورد لە سەر بنەمای ترسێک دروست بوە کە عێراقی مەرکەزی مافی کوردی تیادانابێت. ئەم ترسە لای نوخبەی بەغدا وەها دەخوێندرێتەوە کە کورد نایەوێت بە تەواوی بەشێک بێت لە عێراق، بۆیە دەبێت کۆنترۆڵ بکرێن و بکرێن بە بەشێک لە عێراق. چوارهەم، هەموار یان گۆڕینی دەستور پرسێکە کە تەنها پرسی کاتە ئەگینا بە دڵنیاییەوە ڕودەدات. پێنجەم، گۆڕینی دەستور لە دۆخی لاوازی کورد و ئەمریکادا، فیدڕاڵی کوردی یەکەم قوربانی ئەو گۆڕانکارییە دەبێت، خواستی جەماوەریی و نوخبەویش بۆ ئەم پرسە لە ئارادایە.
پرسی فیدڕاڵی تەنها وەڵامە بۆ ئەو مەترسییەی کە دیموکراسی لە سەر کەمینەکان دروستی دەکات. دیموکراسی کە دێتە سەر پرسی کەمینە، نەک توانای چارەسەری نیە، بەڵکو زەمینەی جینۆساید دەڕەخسێنێت، مایکڵ مان لە کتێبی لایەنی تاریکی دیموکراسی بە زەقی باسی ئەم ڕەهەندەی دیموکراسی دەکات. لە دوا لێکۆڵینەوەی بۆ گۆڤاری دیموکراسی، لێکۆڵەری عێراق مارسین الشمریی، داهاتوی دیموکراسی لە عێراق بە نارون لە قەڵەم دەدات. مارسین ئەوەش دەڵێت کە خەڵکی عێراق باوەڕیان بە دیموکراسی لاوازبوە، یان وەهای نابینن بتوانێت وەڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت.
گەڕانەوەی کورد بۆ بەغدا چەندین دەرئەنجامی خراپی هەیە کە بە کورتی لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەدەم:
یەکەم، لاوازبونی هەرێم، یانی بەهێزبونی بەغدا. خەڵکی کوردستان هیچ ئامرازێکی فشار و کاریگەرییان نیە لە سەر نوخبەی سیاسی بەغدا. نوخبەی سیاسی بەغدا لە دیدی ئاسایشیی و پلان و خەونی خۆیەوە مامەڵە لە گەڵ هەرێمدا دەکات نەک لە دیدی خواستی خەڵکەوە.
دووەم، دەسەڵاتی یەکێتی و پارتی نەک لاوازنابێت بەڵکو هاوشێوەی حیزبە عێراقییەکانی لێدێت، کە چەکدار و داهات و کۆنترۆڵی کایەی سیاسی وەک بەشێک لە پرۆسەی سیاسی دەبینن.
سێیەم، بە سەنتەربونی بەغدا ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە کوردستان لاواز دەبێت، چونکە کوردستان بایەخی نامێنێت و بەغدا زیاتر بایەخ پەیدا دەکات. ئەمەش دەبێت هۆی لاوازبونی هەموو جۆرە ئازادییەکان. 
دەرکەوت لە سی ساڵی رابردوودا مرۆڤی کورد لە باشور کەسێکی دەستەپاچەیە. کەسێکە چاوەڕێی ئەوەیە خەڵکێکی تر هەموو شتێکی بۆ بکەن، بیپارێزن، بیژێنن، بیری بۆبکەنەوە، خزمەتگوزاریی بۆ دابین بکەن. زاڵبونی مۆدێلی کەنداو لە ناو دەسەڵات و ئۆپۆزسیونیشدا نیشانەی زەقی ئەم ئیتکالیەتەیە. dependency. ئێستا لە بەربنەمای ئەم ئیتیکالیەتە بە هیوایە بەغدا بیژێنێت، بە هیواین وەها بێت، بەڵام بەغدا جگە لە نوخبەیەکی کەمی دەسەڵات و دەوروبەرەکەی زۆرینەی خەڵکی عێراقی لە هەژاریدا هەناسەسوار کردوە. ئیمپراتۆریەتی ئەمریکی تاکە دەسەڵاتە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا کە مرۆڤ، وەک تاک و بونەوەر بون و بەهای هەیە تیایدا، بە لاوازبونی سەردەمی ئەمریکی خەڵکیش الفاتحا. ئەم فاتیحایە بۆ ڕەشوڕوتی هەرێمیش ڕاستە کە چاوەڕێیە کەسێک بیژێنێت.

01/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر