ڕێگای گەشە: خەونێ خۆشە

د. سه‌ردار عه‌زیز

پرۆژەیەک لە ئارادایە کە کەنداوی عەرەبی بە تورکیاوە ببەستێت لە ڕێگای هێڵی شەمەندەفەر و ڕێگای خێرا. ڕۆژی شەممە لە کۆشکی کۆماریی لە بەغدا کۆنفراسێکی تایبەت بە وەزیرانی گواستنەوە لە نێوان وڵاتانی کەنداو و ئوردون و تورکیادا بەسترا. 
ئەم ڕێگایە چەندین ناوی هەبوو، بەڵام لە دوا سەردانی محمد شیاع سودانی بۆ ئەنکەرە ئەردۆگان پرۆژەکەی ناو نا ڕێگای گەشە. ڕێگای گەشە ناوێکی گشتی بریقەداری بێناوەڕۆکە. هەمومان دەزانین کە گەشە بەشێکە لە خیتابی پارتی داد و گەشە پێدان. هەروەها وەک مێژوی ئەو پارتە دەریخست کە وەک جێگرەوەی دیموکراسی مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. ئەم ڕێگایە لە چەندین ئاستدا کاریگەریی هەیە لە سەر ناوچەکە و کوردستان. لەم نوسینەدا سەرەتا باس لە واقیعی بونی ڕێگاکە دەکەین، پاشان لە ئەگەری بونیدا چۆن دەبێت، ئینجا کاریگەری لە سەر کوردستان.
لە گەڵ گەشەی چیندا دیاردەیەک هاتە ئاراوە، کە دەتوانین بە ژێرخان بەرامبەر دەزگا ناوی بەرین. بەو مانایە مۆدێلی چینی، هەروەها تورکیش بە تایبەتی لە سەردەمی ئیسلامییەکاندا، خەسڵەتێک لە خۆی دەگرێت کە مۆدێلی ڕۆژئاوایی کێشەی هەیە بە دەستیەوە ئەویش ئاسانی بونیادنانی ژێرخان. وڵاتانی وەک چین و تورکیا، کە خاوەنی تەکنەلۆجیا و دەستی هەرزان و دۆخێکی تایبەتن لە نەبونی مافی کرێکار و ئینشورانس و دڵنیایی و زۆر بواری تر وەهایکردوە کە بتوانن پرۆژەی ژێرخانی گەورە ئەنجام بدەن بە هەرزانتر و خێرا تر لە وڵاتانی تری ڕۆژئاوا. لە ڕۆژئاوا بە هۆی بونی دەستی کاری گران و دڵنیایی و گرانی دراو و زۆر بواری تر ئەنجامدانی کاری ژێرخانی زۆر سەخت دەکات. 
ئەم ئاسانییە بۆ ژێرخان زیانێکی گەورەی داوە لە دەزگا. چونکە ئەم وڵاتانە نایانەوێت دەزگاکان دروست بن، یان خەمی دروستبونی دەزگاکانیان نیە. لای ئەم وڵاتانە، پرسی ژینگە، مافی مرۆڤ، دڵنیایی جۆری و زۆر بواری تر گرنگ نیە.  هەروەها لە ڕێگای ئەم پرۆژانەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێت سۆز و سەرنجی خەڵک ڕابکێشن لە کاتێکدا مافەکانیان لێ وەردەگرنەوە.
پرۆژەی گەشەی عێراق لە نێوان هەردوو چین و تورکیادایە. عێراق دەیەوێت لە هەردوو وڵات سودمەندبێت. لە ئاستێکدا بانگەشەی ئەوە دەکات کە چین یان ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت، کە زۆرێک لە چاودێران وەهای دەبینن کە بانگەشەیەکی بێ بنەمایە. چونکە بڕی بازرگانی چینی لە گەڵ ئەوروپادا هێندە زۆرە ناتوانرێت لە ڕێگای بەندەرێکی لاچەپی وەک بەندەری فاوەوە بکرێت. تەنها لە یەک ساڵدا زیاتر لە بیست ملیون حاوییە (کۆنتەینەر) لە چین دەگوێزرێتەوە بۆ ئەوروپا، جگە لە ڕێساکانی قازانج و سود، ئەو کۆمپانیایانە بە هیچ یاسا و ڕێسایەکەوە پابەندنابن. 
بەڵام گریمان پرۆژەکە لە ئاستی پێکەوە گڕێدانی ئاسیا و ئەوروپا بایەخی نیە بەڵام لە ئاستی هەرێمیدا بایەخی دەبێت. پێش ئەوەی بێین بۆ ئەم ڕەهەندە هەرێمییەی یەکێک لە ڕەخنەکان ئاراسەتی ئەم پرۆژەیە دەکرێت پرسی ئەنجام نەدانی جەدوایە. لە ڕاستیدا پرسی ئەنجامدانی ئەم جەدوایە دراو بە کۆمپانیایەکی زۆر بچوکی ئیتالی کە لە لایەن خێزانێکەوە بەڕێوە دەبرێت لە ڕۆما. ئەم لاوازی جەدوایە وەها دەکات کە گومانی گەندەڵی یەکەم گومان بێت بەرامبەر ئەم پرۆژەیە. عێراق وەک یەکێک لە هەرە گەندەڵترین وڵاتانی دونیا زۆربەری زۆری پرۆژەکانی یان وەهمین یان سەرچاوەی گەندەڵین، بۆیە گومانی گەندەڵی دەبێت گومانی یەکەم بێت دەربارەی ئەم پرۆژەیە. ئێمە دەزانین کە هەتا پرۆژەی گەورەبێت ئەگەری گەندەڵی گەورەترە. نەبونی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ووردی ئابوریی بۆ پرۆژەکە و گوماناوی بونی کۆمپانیای لێکۆڵەر، زیاتر گومانی گەندەڵی زیاد دەکات.
کێ لە پرۆژەکە سودمەند دەبێت؟
ئەگەر ئەو ئەگەرەی کە دەڵێت بازرگانی ئاسیا بە ئەوروپاوە دەبەستێت وەک خیتابێکی فریودان وەربگرین ئەوا دەبێت بیر لە ڕەهەندە ئیقلیمیەکانی بکەینەوە. پرۆژەکە تورکیا و کەنداو بەیەکەوە دەبەستێت. هەردوولا چەندین کاڵایان هەیە کە دەتوانن لە گەڵ یەکتردا بیگۆڕنەوە. کەنداو کە توانای کشتوکاڵی نیە و هەروەها عێراق بە تایبەتی باشور کە توانای کشتوکاڵی نامێنێت، بە هۆی کەمیی ئاو و گۆڕانی ژینگە لە داهاتودا، ئەوا دەبنە بازاڕێکی باشی خۆراکی تورکی. ئەمە سەرباری کاڵاکانی تورکیا کە جۆریان باشترە و نرخیان کەمترە لە کاڵاکانی تر.
تورکیا پێویستی بە غاز و نەوت و بەربومەکانی پیترۆکیمیاوییە کە عێراق پلانی هەیە بەرهەمیان بهێنێت. پێکەوەگردانی کەنداو و تورکیا لە ڕێگای تورکیاوە، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ دوورخستنەوەی تورکیا لە ڕوسیا، کە بەلای ڕۆژئاواو هەنگاوێکی گونجاوە. تەنها بیر لە گرنگی بازاڕی ڕوسی بکەرەوە بۆ ساغکردنەوەی بەروبومی تورکی.
بۆ تورکیا هەنگاوێکی جیوپۆلەتیکی گرنگە بۆ گەیشتن بە قوڵایی عەرەبی، بە تایبەتی ئەو پانتاییەی کە وزە و پارەی زۆری تیادایە. ئەم فاکتە جیوپۆلەتیکیە هەمیشە پاڵنەرێکی تورکیابو بۆ ڕێگریکردن لە بەهێزبونی هەرێم و دروستبونی ڕۆژئاڤا، چونکە بونی هەرێم و ڕۆژئاڤا پێکەوە دابڕانێک لە نێوان تورکیا و قوڵایی عەرەبیدا دروست دەکات.
کەواتە پێش هەموان تورکیا سودمەندە کە کاڵاکانی بە وزە دەگۆڕێتەوە. 
عێراق پلانی وەهایە کە سەد هەزار دەرفەتی کار برەخسێنێت. ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە. بەڵام ئەم ژمارانە لە سەر هیچ بنەمایەکی زانستی پشتڕاست نەکراونەتەوە. وەک گوتمان کۆمپانیا ئیتالییەکە هەتا ئێستا تەنها لە بواری پاڵاوگەدا کاری کردوە.
ئالنگارییەکان چین؟
یەکەم، لە بەر هۆکاری ئەمنی و ڕێگرییکردن لە بوژانەوەی کوردستانی باکور هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچە کوردییەکاندا نیە یان زۆر خراپە. ئایا تورکیا چۆن ئەم پرسە چارەسەر دەکات، بە دانانی پارەزەر بۆ هێلەکان کە تێچوی پرۆژەکە زۆر زیاتر دەکات یان پرسی کورد چارەسەر دەکات، کە لە ئێستادا چاوەڕوان نەکراوە. 
دووەم، لە سەرتاپای عێراق هێڵی شەمەندەفەری نوێ و تایبەت بە گواستنەوەی شەمەندەفەری تەنکەریی لە گەڵ ڕێگای خێرای های وەی بونی نیە. لە عێراقدا دروستکردنی پرۆژەکان بە پشک و پشکێنە کۆمپانیا تایبەتەکانی گروپ و حیزب و میلیشیاکانە. ئەمەش کار دەکات سەر بڕی تێچون و جۆری پرۆژە.
سێیەم، ڕێگاکە بە هەرێمدا تێدەپەڕێت لە شاری زاخۆ بە مەودای چوار کیلۆمەتر. ئەگەر هەوڵبدرێت لە کوردستان بە دورر بگیرێت ئەوا نابێتە ڕێگایەکی ئابوری بەڵکو دەبێت ڕێگایەکی سیاسی. لەم دۆخەدا دەبێت، بە سوریادا تێپەڕێت، هەروەها سوپای عێراقی بگاتە سەر سنور، تورکیا بێتە ناو سوریاوە، دەسەڵاتی ڕۆژئاڤا دوور بخرێتەوە، سوریا بهێنرێتە ئەو ناوچەیە.
بەڵام لەم دۆخەدا ئەمریکا ناڕازییە، چونکە دەبێتە هۆی شکانی ئابلۆقەی سەر ئەسەد، هەروەها دابینکردنی ئەمنی سەختتر دەبێت. هەموو ئەمانە دەرخەریی ئەوەن کە هیچ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی جیهانیی نیە کە بیەوێت ئەم هەموو سەرکێشییە بکات. هەروەها بازاڕەکانی ئەوروپا ناتوانن پشت بە ڕێگایەکی وەها ببەستن کە هێندە ڕێگریی و کێشەی هەبێت.
وەک لە کۆنگرەکەدا دەرکەوت سوریا پێداگریی دەکات لەوەی کە ئەم پرۆژەیە بۆ بەندەرەکانی ئەو بڕوات، لەم دۆخەدا تورکیا دژ دەبێت و بە هیچ جۆرێک نابێتە ڕێگایەکی جیهانیی، وەک بانگەشەی بۆ دەکەن، لە بەر دۆخی شەڕ و ناسەقامگیریی و ئابلۆقەی سوریا. 
ئیماراتییەکان داوا دەکەن ڕێگایەکە ببەسترێتەوە بە هێڵی شەمەندەفەری کەنداوەوە. ئەگەر هەنگاوێکی وەها بنرێت ئەوا مانای وەهایە هەموو پرۆژەی بەندەری فاو لاوەکی و کەم سود دەبێت. لە هەمانکاتدا ئێرانییەکان دەیانەوێت شەلەمچە بە بەسرەوە ببەستنەوە.
ئایا ئەم پرۆژەیە بۆ کورد چی دەگەیەنێت؟
یەکەم، هاتنی پرۆژەکە ئەگەر مەبەست لێی سەقامگیریی بێت، ئەوا دەبێت کوردیش لێی سودمەندبێت، چونکە هەرچەندە بە هەولێردا تێناپەڕێت، بەڵام لێیەوە دوور نابێت. تەنها سلێمانی لەم پرۆژەیە بە دوور دەبێت. 
بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت کە تورکیا هەندێک پرسی ئاسایشی دەبەستێتەوە بەم پرۆژەیەوە بە تایبەتی پرسی کامپی مەخمور و شەنگال، کە ڕێگاکە بە نزیکیاندا تێدەپەڕێت. 
ئەوەی لە کۆنفرانسەکەدا بینیمان زیاتر نمایشکردنی ئایدیایەک بوو، هەموو بەشداربوان لە هەڵسەنگاندنی ئەوەدان کە چۆن لەی سودمەندبن. ئایا پرۆژەکە دەتوانێت هەموان سودمەند بکات؟

31/05/2023



وتارەکانی تری نوسەر