"هاتنی هێزه‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی بۆ گەرمیان قبوڵ ناكرێت"

سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی رایدەگەیەنێت" هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ سنوری ئیدارەی گەرمیان قبوڵ ناکرێت و رێگه‌ نادرێت بمێنێته‌وه‌". 

سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤ بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە" هاتنی هێزێکی حەشدی شەعبی بۆ سنوری گەرمیان  و کێڵگەی چاڵاو خالید بەزاندنی سنورە و بە بێ ئاگاداری هێزە رەسمیەکانی ناوچەکە بووە". 

دەشڵێت" بە هیچ شێوەک رێگا نادرێت ئەو هێزەی حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە بمێنێتە". 

سەرچاوەکە ڕاشیگەیاندووە" داواشمانکردووە لە ناوەند راستەوخۆ پاشەکشە بە هێزەکە بکرێت، چونکە ئەو پێشێلکارییە مایەی قبووڵکردن نییە". 

کاتژمێر (٤:٠٠)ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزێكی زۆری حەشدی شەعبی بە ١٠٠ ئۆتۆمبێل و شۆفڵ و هامەر و كەرەستەی سەربازی، دەستیان بەسەر کێڵگەی چاڵاو خالید لە نزیک ناحیەی کوڵەجۆ گرت. 


AM:11:18:25/08/2024