کەشناسی هەرێم: پلەکانی گەرما سەرلەنوێ بەرزدەبنەوە

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" سبەینێ ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروسبوونی هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا، پلەکانی گەرماش سەرلەنوێ بەرزدەبنەوە".

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بەگشتی لە نێوان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، پێشبینی بارینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت بە تایبەتی لە پاریزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، وە لە پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و هەڵەبجە پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، خێرای باش (١٠ - ٢٠)کم دەبێت بە ئاڕاستەی باکوری خۆرئاوا و مەودای بینین (٨ - ١٠)کم دەبێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ یەکشەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروسبوونی هەندێ پەڵە هەوری جیا جیا، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک هەوری تەواو دەبێت و هەندێکجار نمە بارانی لەگەڵدایە، هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ (٢ تا ٣) پلە بەرزدەبنەوە، خێرای باش (١٠ - ٢٠)کم دەبێت، مەودای بینین (٨ - ١٠)کم دەبێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەی بەمشێوەیەیە: 

هەولێر: ٣٥

سلێمانی: ٣٤

دهۆک: ٣٣

زاخۆ: ٣٣

هەڵەبجە: ٣٦

کەرکوک: ٤٠

سۆران: ٣١

حاجی ئۆمەران: ٢٢

گەرمیان: ٤١


AM:10:22:21/09/2024