فیدراسیۆنی منداڵپارێزی جیهانی: ٤٨ ملیۆن منداڵ کاری ترسناک دەکەن

یه‌كی‌ حوزه‌یرانی‌ هه‌موو ساڵێك وه‌ك ڕۆژی‌ جیهانی‌ منداڵان دیاریکراوە، لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەوڵەتان چوونەتە ناو ڕێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی منداڵان، بەڵام منداڵان لە زۆربەی ووڵاتان، لە دۆخ و ژیانێکی ناتەندروستدا دەژین و ڕووبەڕووی توندووتیژی و سەختی گوزەران دەبنەوە.

لە بەیاننامەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی"نێردراوە، فیدراسیۆنی منداڵپارێزی جیهانی ئاماژە بەو مەترسییانە دەکات، کە روبەڕوی منداڵان بونەتەوە لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەک لە هەرێمی کوردستانیش بەشێکی زۆریان بونەتە قوربانی ململانێی جەنگ و تیرۆرو بێ بەشن لە پێگەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی شیاو.

دەقی بەیاننامەکە...

بەیاننامەی فیدراسیۆنی منداڵپارێزی جیهانی WFPC لقی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژی جیهانی منداڵان.
ڕۆژی‌ جیهانی‌ منداڵان (1/6)

یه‌كی‌ حوزه‌یرانی‌ هه‌موو ساڵێك وه‌ك ڕۆژی‌ جیهانی‌ منداڵان دیاریکراوە ، له‌ساڵی‌ (1959)دا ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان جاڕنامه‌ی‌ جیهانی‌ مافه‌كانی‌ منداڵانی‌ ڕاگه‌یاند، له‌ساڵی‌ (1989)دا ڕێكه‌وتن له‌باره‌ی‌ جاڕنامه‌كه‌وه‌ كراو (191) ده‌وڵه‌ت له‌جیهاندا پابه‌ندبونی‌ خۆیان به‌ڕێكه‌وتننامه‌كه‌وه‌ پیشاندا .

لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەوڵەتان چوونەتە ناو ئەو ڕێکەوتنامەیە بەڵام منداڵان لە زۆربەی ووڵاتان ، لە دۆخ و ژیانێکی ناتەندروستدا دەژین و لێرەو لەوێ ڕووبەڕووی توندووتیژی و سەختی گوزەران دەبنەوە.

ئامارەکانی ڕێکخراوە نودەوڵتیەکانی وەک ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی ILO  و ڕێکخراوی UNICEF پێمان دەڵێن:

لە سەرتاسەری دنیادا ۲۱٥ ملیۆن منداڵی کارکەر یان کار پێکراومان هەیە کە زۆرینەی ئەو ژمارەیە لە وڵاتانی افریقاو ئاسیاو زەریای ئارامدا هەیە، وە لە ۲۰% بۆ ۳۰% ئەو ژمارەیە  لە وڵاتانی ئاست نزمی ئابورییە کە منداڵان خوێندن بەجێ دەهێڵن بۆ کارکردن کە تەمەنیان کەمتر لە ۱٥ ساڵە،

وە ووڵاتانی ئەفریقا لە ٤ منداڵ ۱ منداڵ و وڵاتانی ئاسیا لە ٨ منداڵ ۱ منداڵ و وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە  ۱۰ منداڵ ۱ منداڵ کار دەکات یان کاری پێ دەکرێت و منداڵان کاتژمێرێکی زۆر کاردەکەن بەرامبەر بە دەست کەوتێکی کەمی مادی بە جۆرێک لە وڵاتە عەرەبیەکاندا منداڵانی  تەمەن کەمتر لە ۱٥ ساڵ  ۱۲ کاتژمێر لە ڕۆژێکداو ۷ ڕۆژ لە حەفتەیەکدا کاریان پێ دەکرێت.

وە زۆرینەی منداڵانی کارکردوو لە ڕەگەزی کوڕ لە بواری کشتوکاڵ کار دەکەن و کچانیش بە ڕێژەی ۹۰% کارگوزاری ماڵان دەکەن و زۆرینەیان ڕووبەڕووی جۆرەکانی توندووتیژی دەبنەوە و ٤٨ ملیۆن منداڵان لەو جۆرە کارانە دەکەن کە پلە بەندیان ترسناکە، وە زۆرینەی منداڵانی کار کەر و کار پێکراو هیچ جۆرە دڵنیایەکی کۆمەڵایەتی و تەندروستیان بۆ دابین نەکراوە.

لەگەڵ ئەوەی لە،کوردستان لەئێستادا ئامارێکی هاوشێوە بۆ کوردستان بوونی نیە ، بەڵام ئەوەی دەبینرێت ، منداڵانمان لە ژینگەیەکی ناتەندروستدا ژیان دەگوزەرێنن و کاریان پێ دەکرێت و توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت و قوربانی ململانێ و جەنگ و تیرۆرن و بێ بەشن لە پێگەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی شیاو.

ئێمە لە فیدراسیۆنی منداڵپارێزی جیهانی WFPCلقی هەرێم هەوڵ دەدەین و تێدەکۆشین لە پێناو دەستە بەرکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بە دنیای منداڵان لە ڕێگەی جێبەجێکردنی پەیڕەوی فیدراسیۆن کە وویستمانەبەشدار بین لە پەروەردە کردن و دروست کردنی نەوەیەکی فکر و کردار مەزن، لێرەوە داواکارین لەسەرجەم کەسایەتیە حکومی و ناحکومیەکان پێکەوە هاوڕێ و هاوپشت  لە پێناو یەک ئامانج ((تاکی تەندروست =خێزانی تەندروست= کۆمەڵگەی تەندروست )) یەکگرتوو و بەردەوام بین.

فیدراسیۆنی منداڵپارێزی جیهانی WFPC لقی هەرێمی کوردستان
1_6_2018



PM:03:05:01/06/2018