وەزارەتی ڕۆشنبیری: له‌ هه‌رێم پێویستمان به‌یاسایه‌ بۆ بواری میدیای ئه‌لکترۆنی و سۆشیال میدیا

بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" له‌ هه‌رێمی کوردستان پێویستمان به‌ یاسایه‌ بۆ بواری میدیای ئه‌لکترۆنی و سۆشیال میدیا بە نیازی هەموارکردنی رێنمایی تایبەت بە مۆڵەت دان بە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و رادیۆین بەنیازین مەرج بۆ مۆڵەت دان بە تەلەفزیۆن و رادیۆ دابنێین".

شێروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند" ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بەیاسایە بۆ بواری میدیای ئەلكترۆنی و سۆشیال میدیا، ئەوەی لەئێستادا بەرپرسیارێتی وەزارەتی ڕۆشنبیریە تەنها كاری مۆڵەتپێدان و چاودێریكردنی كەناڵەكانی ڕاگەیاندنە بە بینراو و بیستراو تەنانەت گۆڤار و ڕۆژنامەش بەپێی یاسای ژمارە (35) لەئەستۆی وەزارەتی ڕۆشنبیری نییە بەڵكو بەرپرسیارێتیەكەی لەئەستۆی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستانە كە بەپێی یاسا دیاریكراوە ئەوەی كە لای ئێمە مۆڵەتی پێدەدرێت تەنها ڕادیۆ و تەلەفزیۆنە، تەلەفزیۆنیش دابەش دەبێت سەتەلایتمان هەیە جیهانییە، وە سەرتاسەریمان هەیە ناوخۆ سەرتاسەرییە لەسەرئاستی هەرێمی كوردستان، وە لۆكاڵیشمان هەیە لەسەر ئاستی شارەكان بەگشتی". 

شێروان عەبدوڵا باسی لەوەكرد" لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 140 كەناڵی تەلەفزیۆنی مۆڵەتپێدراومان هەیە بەسەتەلایت و بە سەرتاسەری و بەلۆكاڵیەكان، سەبارەت بە ڕادیۆكانیش نزیكەی 200 ڕادیۆمان هەیە لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان مۆڵەتمان پێداون، لەڕاستیدا ئەو كەناڵانە هەمووی خۆرسك دروستبوون و حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكیخستوون، ئێمە ڕێنماییەكمان هەیە كاری پێدەكەین پێی دەڵێن ڕێنمایی ژمارە (1) ی ساڵی 2014 كە پەیوەستە بەبواری ڕێكخستنی فریكوێنسی سپەیس."

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختیكردەوە لە ئێستادا سەرقاڵی هەمواركردنەوەی ئەو ڕێنماییەن كە مۆڵەت دەداتە كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی بیستراو و بینراو، لەو ڕوەوە وتی " ئێستا ئێمە دەمانەوێت وە بۆ داهاتوو خەریكین هەندێك بڕگەی ڕێنمایی ژمارە (1) ی ساڵی 2014 هەمواردەكەینەوە زیادەشی دەخەینە سەر بەهۆی ئەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژیانەی كە هاتوونەتەپێش لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكاریانە بەڕاستی ئێمە دەمانەوێت بۆ داهاتوو پلانمان دەبێت". 

دەربارەی شێوازی هەمواركردن و مەرجە نوێیەكان بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وتی " كەسێك كە دێت لەبواری ڕاگەیاند و ڕاگەیاندكاری بۆنموونە ڕادیۆیەك دادەمەزرێنێت یان تەلەفزیۆنێك دادەمەزرێنێت ئێمە مەرجی ئەوەمان هەیە كە دەبێت پێشینەیەكی ڕاگەیاندنی هەبووبێت ئینجا ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان بێت یان دەرچووی یەكێك لە ئەكادیمییەكانی بواری ڕاگەیاندبێت یان لە دەزگایەكی ڕاگەیاندن چەندساڵێك ئیشی كردبێت، وە لەڕووی ئیتك و مۆڕاڵی ڕۆژنامەنوسی بەرپرسیارێتی لەئەستۆ نەبووبێت، بەرپرسیارێتی خراپی نەكەوتبێتە ئەستۆوە، ئێمە ئەو مەرجانە بۆیە لەبەرچاو دەگرین بۆئەوەی وەكو فلتەرێك لەداهاتوو هەوڵبدەین كواڵێتی بواری ڕاگەیاندن لەكەناڵەكان بەرزبكەینەوە". 

شێروان عەبدوڵا ئەوەشی وت" ئێمەش وەكو وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم پێمان وانییە ئەو هەموو كەناڵە پێویست بێت بەڵام ناشكرێت ئێمە ڕێگە لەئازادی ڕادەربڕین و ئازادی كاری ڕاگەیاندن بگرین لەبەرئەوە هەوڵدەدەین بەپێی مەرج بەپێی ئەو شتانەی كە پێویستن بۆ مۆڵەتدان ناڵێم قورس سەیری بكەین بەڵام بەشێوەیەكی ئەكادیمی كەسێك ئەگەر پیشەی ڕاگەیاندكار نەبوو یان لەبواری ڕاگەیاندكاری شارەزایی نەبوو یان پێشینەیەكی باشی نەبوو بۆكاری ڕاگەیاندكار لەمەودوا ئێمە ڕەنگە مۆڵەتی پێنەدەین، بۆیە كۆمەڵێك بنەمای باش دادەنێین بۆئەوەی كاری مۆڵەتدان بەفلتەرێكی باشتردا بڕوات وەك لەوەی ئێستا كەهەیە". 

سەبارەت بەگواستنەوەی دیمەنی ڕاستەوخۆی خۆسوتاندنی پەنابەرێكی كوردی ئێران لەشاری هەولێر، هەروەها چەند حاڵەتێكی تری لەوجۆرە بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە دەڵێت "ئێمە ڕێنماییەكمان هەیە بەپێی ئەو ڕێنماییە چوار لایەن بەرپرسن لەهەڵوەستەكردن و دیاریكردنی سەرپێچیەكان ئەو كاتە داوا لەوەزارەتی ڕۆشنبیری دەكرێت بۆ گرتنەبەری ڕێ و شوێن یەكێك لەوانە دادگایە، داواكاری گشتییە، سەندیكای ڕۆژنامەنوسانە، هەروەها ژوری مۆنیتەرینگە لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، ئەو بابەتەی كە بینیمان دیمەنێكی ناخۆش بوو بەداخەوە چەند كەناڵێكی ڕاگەیاند مایكیان هەبوو لەوێ، وە چەند كەناڵێك لە شاشەكانیان بڵاویانكردەوە لەسۆشیال میدیاش بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبویەوە، ئەوە پۆلێن دەبێت بەسەر سێ شێواز، ئێمە وەكو وەزارەتی ڕۆشنبیری بەرپرسیارێتیمان هەیە لەسەر كەناڵەكان كاتێك كە مۆڵەتمان پێداون كۆمەڵێك مەرج هەیە ئەوان گرێبەستییان هەیە لەگەڵ ئێمە دەبێت پێوەی پابەندبن كاتێك لەو مەرجانە لادەدەن ئێمە دەتوانیین لەسەر سەرپێچیەكان لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكەین".

شێروان عەبدوڵا زیاتر ڕونیكردەوە" ئەوەی كە لەسۆشیال میدیا بڵاوبویەوە لە سایت و پەیجەكان ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمە نییە لەئێستادا ئەوە پێویستە حكومەت یاسای بۆ دەربكات و بەرپرسیارێتیەكە بخاتە ئەستۆی لایەنێك ئینجا وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، سەندیكای ڕۆژنامەنوسانە لایەنێكی دیاریكراو كێ دیاریدەكات ئەوە پەرلەمانی كوردستان دەتوانێت تاپەرلەمانیش ئەو كارە دەكات ئێمە دەستەوەستان نەوەستاوین ئەگەر وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن لەگەڵ سەندیكای ڕۆژنامەنوسان چەند دانیشتنێكمان كردووە و هەوڵمانداوە ئەو بابەتە ڕێكبخەین بەڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی شورا بتوانیین چوارچێوەیەكی یاسایی بدۆزینەوە بۆئەوەی بۆ ئەو بوارەش ئەوەندەی دەكرێت لای خۆمان ڕێكی بخەینەوە و بتوانیین لەسەر ئەو سەرپێچیانە ڕێ و شوێن بگرینەبەر."

دەربارەی بڕیارێكی وەزارەتی ڕۆشنبیری لەمانگی ڕابردوو بۆ ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەك لە سێ كەناڵی كوردی، بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە وتی" ئەو بڕیارە لەسەر داوای داواكاری گشتی بووە، داواكاری گشتی وەكو لایەنێك كە لەسەر مافی گشتی دێتە وەڵام ڕەنگە سكاڵای هاوڵاتیان بچێت بۆلایان ئەوان بەپێی ئەو ڕێنماییەی ئێمەش لە وەزارەتی ڕۆشنبیری كاری پێدەكەین لایەنێكن لەو لایەنانەی كە دەتوانن لەسەر سەرپێچیەكان هەڵوەستە بكەن و داوای ئیجرائات لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بكەن بۆیە ئەوان ئەوەیان دیاریكردبوو كە ئەو بەرنامانە دەرچوونە لە ئادابی گشتی پێویستە وەزارەتی ڕۆشنبیری بڕیاربدات لەسەرئەوەی ئەو بەرنامانە ڕابگیرێن ئێمەش بڕیارەكەی داواكاری گشتیمان جێبەجێ كردووە". 

بەڕێوەبەری گشتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە باسی لەوەشكرد، بەدڵنیاییەوە كێشەی گەورە لە هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە یاسایەك نییە لەبواری ڕاگەیاندن هۆكارەكەشی ئیهمالی نەبووە بەڵكو بەهۆی ئەوە بووە لەدەستوری عێراق لەماددەی (10) بڕگەی شەشەم هاتووە كە بابەتی كەناڵی ئاسمان و فریكیۆنسەكان تایبەتە بۆ سیاسەتی حكومەتی ناوەندی لەبەرئەوە یەك یاسایە هەیە لە حكومەتی ناوەندی، وە ئەو یاسایە دەستەیەك بەڕێوەی دەبات لەعێراق كە پێی دەڵێن دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە عێراق( (CMC) Communications and Media Commission )ئەوان هەم سەندیكا و هەم ئەو بەشەی كە ئێستا لای ئێمە لای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنە هەم ئەو بەڕێوەبەرایەتیەی ئێمە كە بەرپرسیارێتیمان هەیە لە دەستەیەك كۆكراوەتەوە، ئەوە یاسایەكی تۆكمە و دیاریكراو هەیە بۆ جێبەجێكردن بەڵام لە هەرێمی كوردستان یاسای تایبەت بەخۆمان نییە بۆ بواری ڕاگەیاندن لەبەرئەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆ و سەندیكای ڕۆژنامەنوسان ڕێنمایمان دەركردووە بۆیە هەندێكجار ئەو ڕێنمایەش تانە و تەشەری لێدەدرێت لەلایەن خەڵكی ئەكادیمی و یاساییەوە نەك هێزی یاسایی نییە.

لەكۆتایی وتووێژەكەدا شێروان عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشكرد لە هەوڵی داڕشتنی پڕۆژە یاسایەكن بۆ بابەتی سۆشیال میدیا و بابەتی مۆڵەتی كاری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن لەو ڕووەوە دەڵێت" ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین كۆبونەوەیەكی دیاریكراومانكردووە لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ میدیا و زانیاری لەگەڵ سەندیكای ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ گواستنەوە و گەیاندن بۆئەوەی بتوانیین پرۆژەیاسایەك لەگەڵ لیژنەی ڕۆشنبیری لە پەرلەمانی كوردستان ئامادە بكەین بۆ بابەتی سۆشیال میدیا و بابەتی مۆڵەتی كاری ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و فریكیۆنسی كە تایبەتە بەحكومەتی ناوەندی هەوڵدەدەین بەشێوەیەكی باشتر بەپێی ڕێنمایی ڕێكی بخەینەوە بەگشتی هەموو پەیج و وێب سایتەكانیش بگرێتەوە". 


PM:01:09:20/05/2021