حکومەتی ئێسرائیل بڕیاری راگرتنی جەنگی دەرکرد
حەماسیش رەزامەندی پێشاندا


ئەمشەو حکومەتی بچووککراوەی ئیسرائیل بڕیاری راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر غەزە دەکرد، بزووتنەوەی حەماسیش لای خۆیەوە رەزامەندی پێشان دا.

میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند" ئەمشەو حکومەتی بچووککراوەی ئیسرائیل بڕیاری داوە کە کاتژمێر ٢ ی ئەمشەو هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە رابگرێت، ئاژانسی رۆیتەرزیش بڵاویکردەوە کە بزووتنەوەی حەماسیش رەزامەندی لەسەر راگرتنی شەڕ پێشانداوە".
راگرتنی جەنگی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دوای ١٠ رۆژ لە شەڕدێت، حکومەتی بچووککراوەی ئیسرائیل سەرەتای خۆی بڕیاری تاک لایەنەی راگرتنی شەڕی دەرکرد.

حکومەتی ئیسرائیل ئەوەی نەشاردەوە کە بەپەرچی هەر هێرشێک دەداتەوە کە لەرێگای مووشەک و باڵۆنەکانەوە بکرێتە سەری لە کاتی راگرتنی شەڕدا.

راگرتنی شەڕی دوای پێشنیاری میسر و داوای بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرئیل بنیامین نەتانیهۆ دێت.
میسر وەک میدیا جیهانییەکان باسی دەکەن پێشنیار راگرتنی شەڕێ بەبێ هیچ مەرجێک بۆ هەردوولا خستۆتەڕوو. 

وتەبێژیی کۆشکی سپی ئەمەریکا رایگەیاند کە ٨٠ جار پەیوەندیان بە گەورە بەرپرسەکانی ئیسرائیل و دەسەڵاتدارانی فەلەستینەوە کردووە بە مەبەستی راگرتنی شەڕ.

هەروەها پەیوەندی بەو وڵاتانی ناوچەکە کە دۆستی ئەمەریکاوە کراوە بەمەبەستی بینینی رۆڵێک بۆ راگرتنی شەڕ.



PM:11:03:20/05/2021