مەرجەکانی بەغداد لەبارەی ناردنی پشكى هه‌رێم لە بودجەی گشتیدا ئاشکرا کرا

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت" ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە یاسای بوودجەی گشتییدا، گرێدراوە بە جێبەجێکردنی چوار بڕگەی یاساکە". 

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند" بەغداد بە بەجێبەجێکردنی چوار بڕگە پشکی هەرێم ڕەوانە دەکات کە بڕگەی یەکەم و دووەم تایبەتن بەوەی کە پێویستە ھەرێمی کوردستان، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و نیوەی داھاتەکانی نا نەوتی رادەستی ناوەند بکات، بڕگەی سێیەمیش ئەوەیە، لیستی تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم رادەست بکرێت و بڕگەی چوارەمیش ئەوەیە رێگە بە دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی بدرێت کە بە ھەماھەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم وردبینی لە ھەژمارەکانی ھەرێم لە ساڵی ٢٠٠٣وە تا ئێستا، بکات".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە کۆتای لێدوانەکەیدا دوپاتیشیكرده‌وه‌، ناردنی پشکی ھەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتییدا، گرێدراوە بەجێبەجێکردنی ئەو چوار بڕگەیە و پێویستە شاندی ھەرێم سەردانی بەغدا بکات و رایبگەیەنێت کە حکوومەتی ھەرێم ئامادەییە ئەو بڕگانە جێبەجێ بکات. 


PM:02:23:26/05/2021