لەسەر هێرشەکەی ئەمرۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە

لەسەر هێرشەکەی ئەمرۆ وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی دیکەی بڵاوکردەوە و داوا دەکات کە حکومەتی عێراق بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت. 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بە راگەیەندراوی دووەم بڵاویکردۆتەوە، ئاماژە بەوەدەکات" ئەمرۆ شەممە لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ ٥ی حوزەیرانی ۲۰۲۱ لە چیای مەتین ـ سنوری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پەکەکەوە دەستدرێژیەکی بێ پاساویان کرایە سەرو لەئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش برینداربوون". 

ئەوەشی خستۆتەڕوو: لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لەکاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەبووە، وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جوڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات.

وەزارەتی یپێشمەرگە لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا داوا دەكات، حکومەتی عێراق بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت، هەروەک داواش لە هێزەکانی پەکەکە دەکات، رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دووربخاتەوە.

ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین، کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژیەکانی پەکەکە و هەموو پەلامارو دەستدرێژیەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت، کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە لەئێستادا پاراستنی خاکی هەرێم و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە.


PM:03:32:05/06/2021