چالاکوانێکی بادینان: هاوسەری یەکێک لە گیراوەکانی بادینان لە هۆش خۆی دەچێت


چالاکوانێکی بادینان باسی دیداری ئەمڕۆی گیراوەکانی بادینان دەکات لەگەڵ کەسوکاریانداو دەڵێت" هاوسەری یەکێک لە گیراوەکانی کە دۆخی تەندروستی هاوسەرەکەی دەبینێت، لە هۆش خۆی دەچێت".

ئەیهان سەعید چالاکوانی شیلادزێ و دەڤەری بادینان لە نووسینێکدا کە بۆ " سپی " ناردووە بە ناونیشانی "دیدارە تراژیدیەکەش دەکەنە منەت " نووسیوویەتی " ئەمرۆ ھاوسەری یەکێک لە زیندانیانی بادینان کە شێوەی ھاوسەرە زیندانیکراوەکەی بەو کێش دابەزین و خراپیەوە بینی لە ھۆش خۆی چۆ!".

ئەیهان کە برای مەلا شوان یەکێک لە گیراوەکانی بادینانەو خۆشی بۆ دوورگرتن لە دەستگیرکردنی لە سلێمانیەو ناتوانێت بچێتەوە بۆ بادینان، لە نووسینەکەیدا دەڵێت " دوای سەرەدانی سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەی ناوخۆ لە رۆژی پێنجشەممە و رێکخستنی مواجھە، کاتژمێر ١٢ی نیوەرۆی ئەمڕۆ کەسوکاری زیندانیانی بادینان سەرەدانی زیندانی یٔاسایشی ھەولێریان کرد بۆ بینینی سزادروان، یٔەوەی جێگای شانازیە گشت سزادراوانی بادینان بە یٔیرادەیەکی بەرزوەوە وتیان یٔێمە بێ تاوانین و نەک شەش ساڵ بەڵکو ٢٠ ساڵیش زیندانی بکرێین سەربەرزین چونکە لەسەر داوای مافی خەڵک و عەدالەتخوازی زیندانیکراوین".

دەربارەی مامەڵەی ئێستای ئاسیش و ڕێوشوێنی زیندان، ئەو چالاکوانە دەڵێت "ھەرچەندە بە قسەی خۆیان مامەڵەی ئاسایش لەگەڵ زیندانیان باشتر بوە، بەڵام پێویستیان بە دکتۆرە بۆ تەندروستیان و شوێنی خەوتنە کە لە ھوڵێکی ٥٠ مەتری بەپێ یٔاستی ستاندارد دەبێت ٣٠ کەسی تێدابێت کەچی ١٣٥ زیندانی تێدا بەجێ کراون، بەپێ یاسا پێویستە حوکمدراوەکان بگوازرێنەوە بۆ چاکسازی گەوران و مواجھەیان ھەبێت نەک لە ئاسایش بن و دوای ھەشت مانگ دیدارەکەیان بکەنە منەت".

لە کۆتاییدا ئەیهان سەعید دەڵێت " بەراستی نادادی و بێ وژدانییە، دەسەڵات ئەم چالاکوان و رۆژنامەنوسە بوێرو پاک و بێ تاوانانە بەو شێوەیە سزابدات و تەحەدای ھێزو سزا لەگەڵ چەند کەسێکی مەدەنی بکرێت، دەبێت پارتی لەجیاتی سزادانی خەلکی نارازی بۆ بێدەنگکردنی جاددەی بادینان بیر لە خزمەت و چاکسازی و سزادانی بەرپرسە گەندەڵەکان بکات. بەھیواین و نابێ بوەستین تا زیندانیەکان یٔازادبکرێن و بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە".



AM:12:32:14/06/2021