لە گەرمیان بەهۆی کەمی کارەباوە
هەڕەشە لە حکومەت دەکرێت


لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی گەرمیان بەهۆی خراپی دۆخی کارەباوە، لەو ناوچە گەرمەی هەرێم، هەڕەشە لە حکومەت دەکرێت و هۆشداری دەدرێتی گەر پێدوانی کارەبا زیاد نەکرێت، پەنا دەبەنە بەر شەقام.

 چاڵاکوانانی گەرمیان هاشتاگی (کارەبا ژیانە) لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەست پێکردووە و هۆشداری دەدەنە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەگەری زیاد نەکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا بۆ ناوچەکە، پەنا دەبەنە بەر چالاکی مەدەنی.

لە راگەیەندراوی ئەو چالاکوانانەی گەرمیاندا ئەوەش دەخەنەڕوو" سەرەڕای دروست کردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و دەرهێنانی هەزاران بەرمیل نەوت ڕۆژانە لەدەڤەری گەرمیان، کەچی لە گەرمای پڕوقێنەری سەرو پەنجا پلەدا هێشتا ناوچەکەمان بەدەست بێ کارەباییەوە دەناڵێنێت".

لەبەشێکی راگەیەندراوەکەدا هۆشداری دەدەن و دەڵێن" هەر بۆیە لێرەوە هۆشداری دەدەینە لایەنی پەیوەندیدار لەئەگەری زیاد نەکردنی کاتژمێرەکانی کارەبا و هەنگاو نەنان بۆ چارەسەری بنەڕەتی قەیرانی کارەبا، شانبەشانی ناڕەزایەتی گەورەی هاوڵاتیان هەموو ڕێکارێکی مەدەنی دەگرینە بەر لەسەر شەقام".

بەهۆی گەرماوە خواست لەسەر کارەبا زیادبووەو وەزارەتی کارەباش نەتوانیووە ئەو کەموکوڕیە پڕ بکاتەوەو، لە رۆژانی رابردوودا چەندان شوێنی هەرێم خۆپیشاندان و چالاکی جەماوەریان دژی کەمی خزمەتگوزاریەکان سازدا.



AM:09:05:03/07/2021