گۆڕان بە تووندی وەڵامی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەداتەوە

رێکخەری ژووری رۆژنامەوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە تووندی وەڵامی سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەداتەوە و دەڵێت" شەرمەزاری ئەوەیە بۆ رازیكردنی خەڵك واز لەناوی ئایینەكەت بێنیت".

دلێر عەبدولخالق، ڕێکخەری ژوری ڕۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" پارتێکی ئیسلامی (ھەڵوەریو لە بزوتنەوەی ئیسلامی)، کە بە ئەمری واقع (لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی خۆیان) کرانە ھێزێکی ئۆپۆزسیۆن، لەبری باسی کێشەکانی خۆیان و پەیوەندی ژێربەژێریان لەگەڵ یەکێتی و پارتی، پەلاماری بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن".

ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە ھێزێکین سەربەخۆین، لەژێر باڵی میللەتەکەی خۆمان گەورە بوین، خەڵکانێکیش پێشتر لە ژێر باڵی گۆڕان گەورە بوون و ئێستا باسی شەرمەزاری دەکەن. 

باسی لەوەشکردووە: شەرمەزاری ئەوەیە؛ بۆ رازیکردنی خەڵک واز لە ناوی ئایینەکەت بێنی! شەرمەزاری ئەوەیە؛ لەناو ھێزەکەی خۆت، جگەلە زاواکەت متمانەت بە کەسی دیکە نەبێ، بۆ پەرلەمانی کوردستان ھەر ئەو ئەندام بێ! بۆ پۆستی وەزیری کابینەی ھەشتەم ھەر ئەو! بۆ پەرلەمانی عێراق ھەر ئەو کاندید بکەی!. 

دلێر عەبدولقالق وتیشی" کەواتە ئەوە ئیمان نییە کە نوێنەرەکانتان پەیوەست دەکا و ھەڵناوەرێن، بەڵکو ئەوە پەیوندی خزمایەتی و حساب نەکردنە بۆ توانای مرۆیی ھەموو ئەوانەی دیکە کە لەدەورتان کۆبوونەوە".

چەند رۆژێک پێش ئێستا  عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە وتارێکی بانگەشەی حزبەکەیدا بەبێ ناوهێنان باسی لە دۆخی بزوتنەوەى گۆڕان کرد و وتی" زوو زوو وەزیر و پەرلەمانتاریان هەڵدەوەرێت و دەكڕدرێن".  


PM:12:10:02/10/2021