فەرماندەیی زێرەڤانی: پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت

فەرماندەیەكی هێزەكانی زێرەڤانی ڕەخنە لە سیستمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دەگرێت و دەڵێت" پرۆسەی دەنگدانی تایبەت زۆر بە سستی بەڕێوەدەچێت". 

عمید دێدەوان خورشید، ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" زیاتر لە سێ كاتژمێرە دەنگدان دەستی پێكردووە و تا ئێستا ٢٠%ی دەنگدەری تایبەت نەیتوانیوە دەنگ بدات". 

ئاماژەی بەوەشكرد: گەورەترین كێشە پەنجەمۆرە و هەروەها دۆزینەوەی ناو و ئیمزا و پەنجەمۆرێكی دیكە پڕۆسەكە زیاتر دوادەخات.

جەختیشی كردەوە، بەپێی ئەوەی لێكدراوەتەوە هەر كەسێك بۆ دەنگدان پێویستی بە ٧٠ چركەیە، بەڵام بەپێی پڕۆسەكەی ئێستا هەموو كەسێك لە سێ دەقە كەمتری پێ‌ نەچووە و لە هەندێک شوێن زۆر لەوە زیاتریشی دەوێت.

ناوبراو باسی لەوەشکرد: ئەگەر بەم شێوەیە بێت و کێشەکە چارەسەر نەکرێت ئەوا رێژەی بەشداریی دەنگدانی تایبەت لە رێژەی سەدا ٤٠ تێناپەڕێت.


AM:11:23:08/10/2021