مەڵبەندی یەکێتی لە کەرکوک: پەلە بکرێت لە پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق

مەڵبەندی دووی رێكخستی كەركوكی یەكێتی بەیاننامەیەكی نوێنه‌رانی هەردوو پێکهاتەی عەرەب و تورکمان لە پارێزگای کەرکوک بۆ رەتكردنەوەی پێكهێنانی هێزی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بە (ئەجێندایەکی شۆڤێنی و تایەفی) ناودەبات كە" هیچ خزمەتێک بە پێکهاتەکانی کەرکوک ناكات". 

مەڵبەندی دوی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" لەکاتێکدا شەوی ڕابردو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرزاییەکانی زورگە زراو سەربە ناحیەی پردێ کەوتنە بەر هێرشێکی تیرۆرستانی داعش، بەداخەوە دو پێشمەرگە شەهیدبون و ژمارەیەکیتریش برینداربون، ئەوەی جێگەی نیگەرانییە کە هێزو لایەنە تورکمانی و عەرەبی و عێراقییەکان لەبری ئەوەی پڕۆتستۆی ئەو کارە تیرۆرستییە بکەن، کە بەرگری لەخاک و گەلانی ئەم وڵاتە دەکەن، بەڵام بەداخەوە لەکاتێکدا کە هێشتا خوێنی زام و جەستەی بریندارەکانی پێشمەرگەکان تیمار نەکرابو، چەند لایەنێکی شۆڤێنی وەک هاوسۆزییەک بۆ تێرۆرستان، بەیاننامەیان لەدژی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بڕیارێکی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێڕاق بڵاوکردۆتەوەو رایانگەیاندوە، دژی پێکهێنانی هێزی هاوبەشی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراقین". 

ڕاشیگەیاندووە" رەتکردنەوەی چەمکی (هاوبەشی و هاوئاهەنگی) لەپێناو پاراستنی ئاسایشی سەرو ماڵی هاوڵاتیانی سەرجەم نەتەوەکان، خۆی لەخۆیدا دەیسەلمێنێت ئەو جۆرە سیاسەتانە جگە لە ئەجێندایەکی شۆڤێنی و تایەفی هیچ خزمەتێک بە پێکهاتەکانی کەرکوک ناگەیەنێت".

مەڵبەندی دووی رێكخستنی كەركوكی یەكێتی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق كردوە كە پەلە بکات لەپڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانیتری سوپای عێڕاق، چونکە تیرۆرستانی داعش سودیان لەو بۆشاییە وەرگرتوەو بونەتە مەترسی بۆ سەرو ماڵ و ئاسایشی کەرکوک و کەرکوکییەکان، بێگومان ئەمەش بە دروستبون و پێکهێنانی هێزی هاوبەش لەو سنورانە دوخی ئەمنی بەهێزتر دەبێت و خەونی تیرۆرو تیرۆرستان و شۆڤێنیەکانیش لەگۆڕ دەنرێت.

شەوی ڕابردوو چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشیان کردە سەر فەوجی دووی لیوای (١٠)ی وەزارەتی پێشمەرگە لە ناوچەی زرگەزراو لە سنوری میحوەری کەرکووک، لە ئاکامی ئەو هێرشەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون.


PM:07:14:31/10/2021