جەبار یاوەر: تا کۆتای مانگی (١٠)ی ئەمساڵ داعش زیاتر لە (٢٤١٢) هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئەگەرچی لە ٢٠١٨ وە حکومەتی عێراقی ڕایگەیاند، داعش نەماوە بەڵام ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە لەوکاتەدا ڕامانگەیاند، کە داعش کۆتایی نەهاتووە، بەڵام لەوکاتەوە تا کۆتایی مانگی ١٠ ی ئەمساڵ زیاتر لە دوو هەزارو ٤١٢ هێرشی تیرۆریستی ئەنجامداوە". 

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" هێرشە تیرۆریستییەکانی داعش قەت نەوەستاوە بەردەوام بووە تەنانەت دوای بەیاننامەکەی حکومەتی عێراقی فیدراڵ لە کابینەکەی حەیدەر عەبادی ٢٠١٧ کە ڕایگەیاند داعش کۆتایی هاتووە ئێمە ئەوکات وتمان داعش وەک بەناو ئیمارەتی ئیسلامی کۆتایی هاتووە، بەڵام وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی کۆتایی نەهاتووە و خۆی ڕێکدەخاتەوە جارێکی تر دەست دەکاتەوە بە کردەی تیرۆریستی، قسەکەی ئێمە ئەوەتا سەلما". 

فەریق ڕوکن جەبار یاوەر ئاماژەی بە ئامارەکانی سێ ساڵی ڕابردووی هێرشەکانی داعش کرد لە عێراق بۆ سەر هێزە عێراقیەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، لەو ڕوەوە فەریق ڕوکن جەبار یاوەر دەڵێت" لە (٢٠١٨) وە تا ئێستا کردەی تیرۆریستی داعش بەردەوام بووە هەر لە (٢٠١٨) نزیکەی زیاتر لە هەزارو ٧٤٢ کردەی تیرۆریستی هەبووە، وە ساڵی (٢٠١٩) نزیکەی (٢٧٠) کردەی تیرۆریستی هەبووە، لە ساڵی (٢٠٢٠) نزیکەی (٢٣٠) کردەی تیرۆریستی هەبووە، تا کۆتایی مانگی (١٠)ی ئەمساڵ نزیکەی (١٧٠) کردەی تیرۆریستی هەبووە، زۆربەی کردەوە تیرۆریستییەکانیش لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دوور بووە بەڵام شێوازی هێرشەکانی جیاوازە ، جاران کە ئیمارەتەکەی هەبوو شەڕی بەرەیی دەکرد، واتە بە هێزی گەورە پەلاماری شوێنێکی دەدا وە ناوچەیەکی فراوانی لەژێر دەستدا بوو وەک موسڵ و سەڵاحەدین و بەشێک لە خانەقین، بەڵام ئێستا بەشێوازی گروپی بچوک پەلاماری هێزە عێراقیەکان یا پێشمەرگە دەدات و تاکتیکێکی نوێ بەکاردێنێت یان بەڕێگای کردەی خۆکوژییە، یاخود دانانی مینە، یاخود بە قەناس لە دورەوە هێرش دەکات یاخود کەمین لەسەر جادەکان دادەنێت یا خەڵک دەڕفێنێت و بە پارە ئازادییان دەکات". 

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکی ئەوە کرد کە بۆچی لەمکاتەدا داعش هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەکان زیادی کردووە، لەو ڕووەوە وتی" بەردەوام کردەوەی تیرۆریستی داعش هەبووە بەڵام لە هەندێک کاتدا کەمی دەکات لە هەندێک کاتیشدا زیادی دەکاتەوە، لەمکاتەی کە هێرشەکانی زیادکردووە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەیە کە هەڵبژاردن کراوە و دەیەوێت هەلومەرجەکە تێکبدات تا کاریگەری لەسەر دروستبوونی حکومەتی نوێی عێراق دابنێت، چونکە لە کاتی هەڵبژاردنەکان نەیتوانی هەلومەرجەکان تێکبدات، وە سودیش دەبینێت لەو بۆشاییەی کە هەیە لە زۆر ناوچەی نێوانی سنوری خانەقین(ئێران) تا سنوری سحێلا (سوریا) لە نێوانی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە سود لەو بۆشاییە دەبینێت بۆتە مۆڵگەی حەوانەی چەکدارانی تیرۆریستی داعش". 


PM:01:50:04/11/2021