وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم وەڵامی وەزیری بەرگری توركیا دەداتەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم وەڵامی خلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا دەداتەوە و دەڵێت" ئەگەر لە بوونی جیۆگرافیای كوردستان گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە".

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" وتەكانی خلووسی ئاكار وەزیری بەرگری توركیا لەمەڕ ئینكاركردنی كوردستان جێگەی سەرسوڕمانە، بۆ ئێمە جێگەی پرسیارە كەسێك لە پێگەیەكی فەرمی دەوڵەتدا رێگە بە خۆی بدات ئینكاری واقیعێكی مێژوویی و دیموگرافی و جیۆگرافی بكات كە لە ڕاستیدا خۆشی قەناعەتی پێی نییە".

ئەوەش هاتووە" خۆشی سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و پێمان ناڵێت ئەو شوێنەی سەردانی كردووە كوێیە و ناوی چییە؟، ئەگەر لە بوونی جیۆگرافیای كوردستان هەر گومانی هەیە با ئاوڕێك لە بەڵگەنامە و مێژووی عوسمانییەكان بداتەوە ئینجا بۆی دەردەكەوێ كوردستان هەیە یان نییە".

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم باسی لەوەشكردووە، عەقلیەتی ئینكاركردنی میللەتێك و جیۆگرافیاكەی هەمیشە سەرچاوەی كێشە و گیروگرفت بووە و بە هیچ ئەنجامێك ناگات.

ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە کاتێکدایە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا خلووسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا لە لێدوانێکیدا باسی لەوەکردبوو، لە هیچ شوێنێکی دنیا جوگرافیایەک بەناوی کوردستان بوونی نییە. 


PM:08:23:21/11/2021