بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى داواکارى خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان ئێوارەی ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات، کە حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە بری بەکارھێنانی توندوتیژی و گوێنەگرتن لە داواکانیان، بەپیر داخوازییەکانیانەوە بچن.
بزوتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" پشتگیری تەواوی داوا رەواکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی پارێزگاکانی (سلێمانی، ھەڵەبجە، ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان) دەکەین، کە ئەمڕۆ بەھۆی خۆپیشاندان بۆ داواکردنی دەرماڵەکانیان روبەڕووی توندوتیژی و ئازاردان بوونەوە و ژمارەیەکیان دەستگیرکران".
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە لە کاتێکدا لەگەڵ مافە رەواکانی خوێندکارانین و دەنگمان لەگەڵ دەنگیانە، داواش دەکەین حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەبری بەکارھێنانی توندوتیژی و گوێنەگرتن لە داواکانی خوێندکاران، بەپیر داخوازییەکانیانەوە بچن و دەرماڵە و پێداویستیەکانی خوێندنیان بۆ دابین بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەرکی ھێزە ئەمنیەکانە مامەڵەیەکی تەندروست و مەدەنیانە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکەن و، ھاوکاری ئارامی و ئاسایشی شارەکان و پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران بن".