حکومەت لەگەڵ هەرسێ پارێزگاكەی ھەرێم كۆبووەوە
لە بینای پارێزگای سلێمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھەر سێ پارێزگاری سلێمانی و ھەولێر و دھۆک بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی عێراق و ھەرێم کۆبۆوە .
دوا بەدوای کۆبونەوەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ساماڵ سەردار وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کۆبونەوەکە تایبەت بوو بە دانانی میکانیزم وپلانێک بە ھەماھەنگی لەنێوان پارێزگاکان و وەزارەتی بازرگانی ھەرێم و وەزارەتی بازرگانی حکومەتی ناوەندی بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران و وەرگرتنی ئەو پارەیەی کە دانراوە بەپێی نەخشەی ستراتیژی .
وتیشی، ئەمساڵ جیاواز بوو لە ساڵەکانی تر، چونکە بەرھەمی جوتیاران زۆر زیاتر بووە لەساڵانی پێشوو، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە ھەماھەنگیەکی جدی ھەبێت لە نێوان ھەموو لایەکدا و ھاوکاریەکی جدی ھەبێت بۆئەوەی لەکات و ساتی خۆیدا مافی خۆیان وەربگرن بەپێی ئەو نەخشەیەی دانراوە .
لای خۆشیەوە بەھرۆز محمد ساڵح پارێزگاری سلێمانی ئەوەی خستەروو " کۆبونەوەکە بە تەنسیق و ھاوکاری ھەرسێ لایەنەکە بووە بۆ تاوتوێکردنی ئەو کێشانەی لە ئێستادا ھاتۆتە ئاراوە، چونکە بەرھەمی ئەمساڵ زۆربووە و چۆن بتوانین کۆنترۆڵی وەرگرتنی گەنم و وەرگرتنەوەی مافی جوتیاران ئەنجام بدەین .
راشیگەیاند، بریارمانداوە گەنم لەھەموو جوتیاران وەربگرین بە رێو شوێنی تایبەت و ھیچ جوتیارێک کە وەرەقەی تایبەتی خۆی ھەبێت لەوەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم بە دڵنیاییەوە گەنمەکەی لێوەردەگیرێت لە چوارچێوەی ئەو ماوەیەکی وەزارەتی پەیوەندیدار دیاریکردووە .
PM:02:40:12/07/2014