شاندی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کۆدەبنەوە

‌وێنەی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە شاندێکى باڵاى سوپاى عێراق و وەزارەتى پێشمەرگەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای مەخمور دەربارەی تاوتوێکردنى هەماهەنگى نێوانیان کۆبنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، بەیانی ئەمڕۆ عەبدول ئەمیر شەمەری بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری سەرۆکی ئەرکانی سوپا بۆ کاروباری ئۆپەراسیۆنەکان و فەرماندەی ھێزی وشکانی عێراق، سەردانی قەزای مەخموریان کرد، بڕیارە  لەگەڵ فەریق جەمال ئیمنیکی سوپاسالاری هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم کۆبێتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا ھاوھەماھەنگی ئەمنیی نێوان ھەردوولا لەو ناوچانەی کە جێگای بایەخی ئەمنی ھاوبەشن تاوتوێ دەکرێت، هاوکات تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە لەسەر ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان و ھاریکارییەکانی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت. 

رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێم و سوپای عێراق دوو ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە پارێزگاکانی کەرکوک دیالە دژی چەکدارانی داعش ئەنجام دا. 

هەروەها ڕۆژی ٨ی ئەم مانگەش مستەفا کازمى سەرۆکی فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق سەردانى میحوەری مەخمور و بناری قەرەچووغی کرد و لە کاتی سەردانەکەشی لەگەڵ فەرماندە ئەمنییەکان و پێشمەرگە کۆبوویەوە.


AM:11:31:12/12/2021