بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان (١٢)یەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت

بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو، بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان (١٢)یەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت و بڕیاریشە تێیدا رابەری ئێستای ئەو حیزبە "بگۆڕدرێت".

عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (ٍسپی)ی راگەیاند" بڕیارە لە سەرەتای ئەمساڵدا حیزبەكەیان (١٢)یەمین كۆنگرەیان ببەستن بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی ئامادەكارییان راسپاردووە بۆ داڕشتنی بەرنامەی تۆكمە، چونكە دەیانەوێت كۆنگرەكەیان نموونەیی بێت و جێگەی تموحی ئەندامانیان بێت و رۆڵی گەنج تێیدا بەهێز بكرێت". 

ناوبراو روونیكردەوە، لە كۆنگرەكەدا پێداچوونەوە بەستراتیژییەتی حیزبدا دەكەن و سوود لە هەڵەكانی رابردوو وەردەگرن تا بتوانن بە بەرنامەیەكی نوێوە دەست بە خەباتی مەدەنی و ئیسلامی خۆیان بكەنەوە.

دەربارەی گۆڕینی رابەری بزووتنەوە كە دوو خولە لەو پۆستەدایە، وەرتی ئاماژەی بەوەكرد، ئێستا لەبەردەم تاوتوێ و گفتوگۆدان و هەموو بابەتەكان یەكلایی نەبۆتەوە ئاخۆ دەگەنە چ ئەنجامێك.

لەلایەكی دیكەوە ئاری عەبدولەتیف، كادیری دیاری بزووتنەوەی ئیسلامی لە فەیسبووكی تایبەتی خۆی نووسیویەتی، سەرباری دواكەوتنی كۆنگرەی ئاسایی بزووتنەوەی ئیسلامیی بە یەک ساڵ و پێنج مانگ و نۆ ڕۆژ، وا بڕیارە ڕۆژی (٥)ی مانگی داهاتوو لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی (٤٠٠) ئەندام، (١٢)یەمین كۆنگرە ببەستن.

ئاری عەبدولەتیف باسی لەوەشكردووە، لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرە لە ئامادەكاریی تەواودایە و وا بڕیاریشە لەم كۆنگرەیەدا دەست ببرێت بۆ زۆر گۆڕانكاریی، لەوانە (گۆڕینی ڕابەری گشتی، هەڵبژاردنی سەركردایەتییەكی نوێ، هەمواری چەندین ماددە و بڕگەی پەیڕەو، چاوخشاندنەوە بە گوتار و ستراتیژ و پەیوەندییەكان. 

بزووتنەوەی ئیسلامی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە ساڵی (٢٠١٨)دا هیچ كورسییەكی بە دەست نەهێنا، بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقیش بەشداری نەكرد.


PM:07:26:03/01/2022