بکوژی گەنجەکەی سەر شەقامی (١٠٠) مەتری شاری هەولێر دەستگیرکرا

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی تۆمەتباری رووداوی كوشتنەكەی دوێنێ شەوی گەڕەکی کوڕانی عەنکاوەی سەر شەقامی (١٠٠) مەتری راگەیاند، كە كەسێكی ناسراوی كوژراوەكەیە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش ئەوەی شەوی رابردوو ئاگادارکراینەوە لە تاوانێکی کوشتن لە شەقامی ١٠٠ مەتری هەولێر، راستەوخۆ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان لە تاوانەکە دەستپێکرد و توانیان ناسنامەی کەسی کوژراو بدۆزنەوە کە گەنجێک بوو بە ناوی (ناسراو سوارە خورشید)، کە تەمەنی ٣٠ ساڵ بوو. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە میانەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانماندا هێزەکانمان توانییان لە هەمان شەودا بکوژی گەنجەکە دەستگیر بکەن و راپێچی بەردەم یاسایی بکەن. 

راشیگەیاند" تۆمەتبار بەناوی ( ش، و، ح) کە تەمەنی ٢٨ ساڵە، لە ئێستادا رێککاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتەربەر و دراوەتە دادگا و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسایی سزادان راگیراوە". 


PM:02:59:15/01/2022