پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە نرخی خۆراك دڵنیایی دەدات


پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، لە رۆژی دووشەممەوە لیژنەكانیان بە وردی چاودێری بەرزبوونەوەی نرخ دەكەن و هەر شوێنێك نرخ بەرز بكاتەوە شوێنەكەی دادەخەن، ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆگاكانی خۆراك لە هەولێر بەشی شەش مانگ هەندێ خۆراك و تا یەك ساڵ، بەشە خۆراكی پێویستی هەولێری تێدایە. 

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاندووە، رۆژی یەكشەممە  لەگەڵ تیمەكانی قایمقامیەت و چاودێری بازاڕ كۆبوونەوەو بڕیاریان داوە لە بەیانیەوە تیمەكان بە ووردی و چڕی و بەردەوامی چاودێری بازاڕ بكەن، هەر كەسێك بەگران كاڵا بفرۆشێ ئیجرائاتی تووندی یاسایی لەگەڵ دەكەن و شوێنەكەی دادەخەن و ناوی شوێنەكەش بڵاودەكرێتەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "هەندێ خۆراك نەك لە هەرێمی كوردستان و عێراق گران بووە، بەڵكو لە ئاستی جیهانی نرخی بەرزبۆتەوە، ئەوە لە توانای تیمەكانی ئێمە نیە".

پارێزگاری هەولێر دەڵێت "هەروەها هاوشاریانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، هیچ پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات و كۆگاكانی خۆراك لە هەولێر بەشی شەش مانگ هەندێ خۆراك و تا یەك ساڵ، بەشە خۆراكی پێویستی هەولێری تێدایە، هیچ گرفتێكی هێنانی خۆراكیش دروست نەبوەو نابێ، بازرگانان ئەوپەڕی ئاسانكاری هێنانی خۆراكیان بۆ كراوەو دەكرێ".
      
                    
ئەمڕۆ ئارد و زەیتی رۆن بە شێوەیەكی بەرچاو روویان لە بەرزبوونەوە كردووە و بەوتەی هەندێك بازرگان پەیوەندی بە شەڕی روسیا و ئۆكرانیاوە هەیە.



PM:11:56:06/03/2022