ئەنجوومەنی وەزیران هێرشەکەی ئیران بۆ سەر هەولێر بە ترسنۆکانە ناوزەند دەکات

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بە فەرمی ئێران بە ئەنجامدەری هێرشەکەى سەر هەولێر تۆمەتبار دەکات و دەڵێت" پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کونسولخانەی ئەمریکا بووە". 

سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسرائیلی نزیک کونسولخانەی ئەمریکا بووە، ڕایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی  بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بوو شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پروپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کومەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، ڕێگا خۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامی ئەم جورە تاوانانە".

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەدا ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و جامعەی عەرەبی و حکومەت و پەرلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکات" بە پەلە لێکوڵینەوە لەم هێڕش و تۆمەتە بێ بنە مایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و ڕاستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی توند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر.


PM:02:11:13/03/2022