گرێبەستی شارەوانی سلێمانی و پاركی هەواری شار بڵاوكرایەوە


شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پاركی هەواری شار بۆ ماوەی پێنج ساڵ دراوەتە هاوڵاتییەك و ئەمساڵیش گرێبەستەكە كۆتایی دێت.

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی بڵاویكردەوە، گرێبەستی بەكرێدانی پاركی ھەواری شار لە نێوان شارەوانی سلێمانی  و ھاوڵاتی محەمەد عیزەدین لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ماوەی پێنج ساڵ كراوە، لە گرێبەستەكەشدا بەڕوونی لە خاڵی (١١)یەمدا ئاماژە بەوەدراوە "نرخی چوونە ژوورەوەی ئۆتۆمبێل بۆ پاركەكە تەنھا٥٠٠ دینارە، لە گرێبەستەكەدا باس لەوەشكراوە كە دەبێت لایەنی دووم پابەند بێت بە ڕێكخستنی كۆشكەكانی ناو پاركەكە و سیستمی شەمەندەفەری كارەبایی و سیستمی چوونەژوورەوەی لەئەستۆدایە".

شارەوانی سلێمانی دەڵێت "هەروەها دانانی چاودێری بەردەوام لە ڕێگریكردنی بردنە ژوورەوەی خەڵوزو چەك و چەند بڕگەیەكی تریشی لەخۆگرتووە، لە بەرامبەر كەمتەرخەمی نواندن و وەرگرتنی بڕە پارەی زیاتر و زیان گەیاندن بە سەوزایی پاركەكە و پابەند نەبوون بە بڕگەكانی گرێبەستەكە، لایەنی دووەم ڕووبەڕووی پێبژاردن(غرامە) دەبێتەوە".

پاركی هەواری شار گەورەترین پاركە لەسەر ئاستی عێراق كە پێشتر لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆكی ئەو كاتەی حكومەتی هەرێم بەردی بناغەی دانرا.



AM:11:27:20/03/2022