كۆمەڵی دادگەریی بە نۆ خاڵ وەڵامی محەمەدی حاجی مەحمود دەداتەوە

وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە نۆ خاڵ روونكردنەوە لەسەر قسەیەكی محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەداتەوە و دەڵێت "كاتی خۆی پارەیان لە مام جەلال وەرنەگرتووە".

محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان لە وتارێكدا سەبارەت بەو قسانەی كە محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان لە بەرگی پێنجەمی بیرەوەرییەكانی باسیكردووە و وتویەتی "لە كاتی لێدان لە كۆمەڵ لە (٢٠٠٣)، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵ بڕی (٢٥٠) هەزار دۆلاری لە مام جەلال وەرگرتووە"، لەو بارەیەشەوە محەمەد حەكیم بە نۆ خاڵ وەڵامی داوەتەوە.

دەقی وەڵامەكە..

لە ساڵیادی موشەكبارانی بارەگاكانی كۆمەڵی ئیسلامیی پێشوو؛ ڕاستكردنەوەی چەند زانیارییەكی مێژوویی
گێرانەوەی بیرەوەرەیی یان نووسینەوەی مێژوو  ئوسوڵ و چوارچێوەی خۆی هەیە پێویستە ئەوانەی سەلیقەو توانای نوسینیان ھەیە ورد و ڕاستگۆیانە رووداوەكان بگێڕنەوە بە تایبەت كەسایەتی و سەرۆك حیزبەكان، چونكە مێژووی حزبەكان پڕە لە بەریەككەوتن و ھەوراز و نشێو و... بۆیە بەئەندازەی گەورەیی و بەرپرسیارێتی ئەو باس و بابەتانەش باس دەكرێن دركاندنی هەموو وشەیەكیان بەرپرسیارێتی ئەخلاقی تێدایە.. مەرج نییە ھەموو شتێكیش بوترێت و باسبكرێت بەتایبەتی بۆ خانەخوێ و خاوەن ماڵ.
من لێرەدا ھەندێ لەو زانیاریانەی نێو دوا كتێبی بیرەوەریەكانی كاكە محەممەدی حاجی مەحموود راستدەكەمەوە پاش ئەوەی  پەیوەندیم لە گەڵ ھەندێك سەركردەی ئەو كاتی كۆمەڵ و سۆسیالست و یەكێتی نیشتیمانی كرد.
١- پێش ھەموو شتێك سوپاسی حزبی سۆسیالست دەكەین كە لە گواستنەوەی بنكە و بارەگاكانمان ھاوكارمان بون، بە تایبەت كاك عەبدوڵڵای حاجی مەحموود كە لەوكاتەدا ئەو زیاتر لە گوڵەخانە بوو، بێگومان ئەوەی سۆسیالتیش كردی بێ بەرژوەندیی نەبووە.
٢- كۆمەڵ ھەر لە سەرەتاوە پاش ڕاگەیاندنی كەوتە گفتوگۆ بۆ گواستنەوەی سەركردایەتی بۆئەوەی خۆی لە بەریەككەوتن لەگەڵ هێزە ئیسلامییەكانی تری ناوچەكە بپارێزێت، ئێمە داوای گواستنەوەمان بۆ بەری مەرگە یا پشدەر ئەكرد، بەڵام پێشنیارەكانی (ی.ن.ك) بۆ قەرەداغ و چەمی رێزان بوو، بۆ مێژوو دەیڵێم مامۆستا عەلی باپیر هەمیشە جەختی لەوە دەكردەوە كە ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچەیە واتە خورماڵ، هەورامان و شارەزوور بەهۆی ئەو دۆخەوە ڕووبەڕووی مەترسی لێدان و كارەساتی شەڕدەبێتەوە رای وابوو ناوچەكە چۆڵبكەین، بەداخەوە زۆرینەی سەركردایەتی هاوڕای نەبوون و ئەوكات متمانەش بە (ی.ن.ك) نەبوو.
٣- كۆمەڵ بە پێی رێكەوتنی ١٩٩٧ ی تاران ،كە لە ٢٠٠١ ھەمواركرا مانگانە بری دوو ملیۆن دیناری لە یەكێتی وەردەگرت و ئەو مانگەی كۆتاییش پاش گواستنەوەی بارەگاكانمان پارەكە وەرگیرا و بەسەر ھێزو پێشمەرگەو مەڵبەندەكان دابەشكرا، ئێستاش دوای پەیوەندیكردنم بە بەرپرسی دارایی ئەوكاتی كۆمەڵ تەئكیدی كردەوە بە ھیچ جۆرێك ٢٥٠ ھەزار دۆلار وەرنەگیراوە و  راست نیە، وەك ئەوەی كاكە حەمە لەیاداشتەكانی ئازاری 2003 یدا باسی لێوەكردووە.
٤- كاك دڵشاد گەرمیانی ئەوكات ھەر لە خورماڵ بوو و نەھاتە گوڵەخانەو ھیچ بڕە پارەیەكی وەرنەگرتووە و، دوایین كەس بووە ناوچەی خۆرماڵی بە جێھێشت و من خۆم لە كۆبونەوەكان بووم و ئەو قسەی مامۆستا ناصحیش كە كاكە حمە ئەیداتە پاڵی راست نیەم ناصح قسەی وای نەكردووە (بەرەحمەت بێت).
٥-  من ٣٠ساڵە لەگەڵ مامۆسا عەلی باپیردام ھەرگیز داوای پارەی لە كەس نەكرووەو نایكات و دوو جاریش چووەتە گوڵەخانە لەو رۆژانەداو بەبەرچاوی ھەمووانەوە لە هۆڵە گەورەكەی گوڵەخانە بوین و بە شاراوەیی نەبووە و، ئەو قسانەی كاكە حەمە كردوویەتی لە ئەخلاقیاتی مامۆستا عەلی باپیرەوە دوورە و، لەو كاتانەدا كاكە حەمە زیاتر لە سلێمانی بووە نەك گوڵەخانه.
٦- پێش چەند كاتژمێرێك لە هێرشەكان له رێگای مەڵبەندی سلێمانییەوە مام جەلال نامەی بۆ مامۆستا شێخ محمد و مامۆستا عەلی باپیر نارد كە ئەمشەو ئەمریكا لە عێراق دەدات و ئێوەش وریابن نەك پریشكێكتان بەربكەوێت و ھەر ئەو شەوە مەكتەبی عەسكەری كۆمەڵ ھەندێ لە بنكەكانی خۆی چۆڵكرد.
٧- ئەوەش گوایە مامجەلال داوای پارەكەی كردووەتەوە ھیچ بنەمایەكی نییەو كاك حامیدی حاجی غالیش لە ژیاندایە و ئەو گێرانەوەیە لە فیلمی ھیندی ئەچێت.
٨- سەبارەت بەوەی كێ رۆڵی سەرەكی بینی لە نێوان ئێمەو یەكێتی  بۆ گواستنەوەی ھێزەكانمان تەنها ئێران بوو، چونكە چاودێری رێكەوتنامەی تاران بوو بۆجێبەجێكردنی بەندەكانی.
٩- با ئەوەش بۆ كاكه حەمە ڕاستبكەمەوە له مۆشەكبارانەكەدا ٤٣ برامان شەھید و ٥٦ی دیكەش برینداربوون، نەك ٧٠ قوربانی وەك ئەو نووسیویەتی.
ئومێدەوارم ڕۆژنامەنووس و سۆشیال میدیاش بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بیرەوەریی و نوسینەكانی مێژوو بكەن و بابەتەكان بە لاڕێدا نەبەن.


PM:08:25:22/03/2022