کۆمەڵی دادگەری: ئەم پەرتەوازییە لە بەرژەوەندی عێراق و ھەرێم نازانین

کۆمەڵی دادگەری کوردستان ڕایدەگەیەنێت" بەهۆی ئەوەی لایەنەکان نەگەیشتوون بە رێککەوتن لەسەر یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران، بۆیە بەشداری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناکەین". 

محەمەد حەکیم، وتەبێژی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە" پاش تاوتوێکردنی دوا گۆڕانکاری وپێشھاتەکانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبەر ئەوەی لایەنە عێراقی و ھێزە کوردییەکان ڕێکنەکەوتن و نەگەیشتنە تەوافق لەسەر یەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی وەزیران، بۆیە فراکسیۆنەکەمان بەشداری کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان ناکات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێمە بەشێک نین لەناکۆکیەکان وئەم پەرتەوازەییە لە بەرژوەندی عێراق وھەرێم نازانین، بۆیە بریارمانداوە فراکسیۆنی کۆمەڵ بەشداری کۆبونەوەی ئەمڕۆ نەبێت، تا دەرفەتی زیاتر برەخسێت بۆ گەیشتن بە تەوافوق لەسەر ھەردو پۆستەکە. 

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆبێتەوە، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراقیش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێویستە (٢٢٠) ئەندامی پەرلەمان لە دانیشتنەکەدا ئامادەبن.

هەر شەوی رابردوو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" کە بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق ناکەن". 
 
هەروەها فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانیش بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ناکەن.


AM:09:02:26/03/2022