پەروەردە گۆڕانكاری لە دەوامی قوتابخانە و خوێندنگەكان كرد


وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە بۆ هەر وانەیەك پێنج خولەك كەم دەكرێتەوە.

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بەبۆنەی مانگی رەمەزانی پیرۆزەوە دەوامی قوتابخانەكان و خوێندنگەكان بەم شێوەیە دەبێت، دەوامی بەیانیان كاتژمێر(۸:۰۰) دەست پێدەكات و هەر وانەیەك پێنج خولەك كەم دەكرێتەوە، دەوامی نێوەرۆیان كاتژمێر( ١٢:١٥) دەستپێدەكات و هەر وانەیەك پێنج خولەك كەم دەكرێتەوە".


هەروەها ئاماژەی بەوەكردوە "دەوامی قوتابخانە و خوێندنگەكانی ئێواران كاتژمێر (٤:٣٠) دەستپێدەكات، ئەو ناوەندانەی خوێندیش كە پێش بانگی ئێوارە بۆیان نەگونجا دەكرێت كاتژمێر (٧:٣٠ )دەست پێبكەن، بەهەمانشێوەی دەوامی بەیانیان و نێوەرۆیان پێنج خولەك لە وانەكانیان كەم دەكرێتەوە".

وەزارەتی پەروەردە رونیكردۆتەوە "ناوەندەكانی خوێندن نابێت گۆرانكاری لە خشتەی وانەكان بكەن، هەر مامۆستایەك كە كۆتا وانەی تەواو بوو بەئاگاداری بەڕێوەبەر دەتوانێت ناوەندی خوێندن بەجێبهێڵێت".



PM:11:08:01/04/2022