وێنە.. بکوژانی نەقیب محەمەد لەتیف دەستگیرکران

‌وێنە.. ئەرشیف
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بە یاوەری هیوا ئەحمەد بەرپرسی ئاسایشی سلێمانی سەردانی خانەوادەی (نەقیب محەمەد لەتیف)یان کرد و هەواڵی دەستگیرکردنی هەرسێ بکوژەکەی پێ راگەیاندن.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە سەردانەکەیدا بۆ ماڵی خانەوادەی مەحەمەد لەتیف رایگەیاند" وەک چۆن بەڵێنەکەیان بردەسەر لە دەستگیرکردنی بکوژان، بە دڵنیاییشەوە تا کۆتایی چاودێری دۆسیەکە دەکات و تاوانباران بەسزای یاسایی خۆیان دەگەن". 

قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە ئاسایش و هێزە ئەمنییەکان کرد کە لە ماوەی رابردوودا بە هەموو توانایانەوە کاریان کرد بۆ دەستگیرکردننیان و وتی" رووداوی دەستگیرکردنی بکوژانی نەقیب محەمەد هەڵگری ئەو پەیامەیە کە هێزە ئەمنییەکان وریا و چاوکراوەن و تاوانبار ناتوانن لە سزای یاسایی دەرباز بن". 

جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەشکرد، مەحەمەد شەهیدی رێگای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و سەروەری یاسا بوو، هەروەک چۆن رووداوی دڵتەزێنی شەهیدبوونەکەی ویژدانی هەموو خەڵکی کوردستانی هەژاند، دەبێت ئەم رووداوە هەموو لایەکمان بەخۆدا بهێنێتەوە کە تەنها سزادانی تاوانباران بەس نییە، بەڵکو پێویستە توندوتیژی خێزانیش بە‌ پلان بنبڕ بكرێت.


PM:01:21:12/04/2022