وەزارەتی نەوتی عێراق: كۆتایی بە قەیرانی دروستكراوی بەنزین هات


وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت "كۆتاییمان بە قەیرانی دروستكراوی بەنزین هێناوە و بەڵێنیش دەدەین، سەرجەم ئەو وێستگە ئەهلیانەی هۆكار بوون بۆ دروستبونی قەیرانەكە بدەینە دادگا".

وەزارەتی نەوتی عیراق لەڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "قەیرانی دروستكراوی سوتەمەنی كۆتایی هاتووە، بەدواداچونیش بۆ سكاڵاو ڕێكارە یاساییەكان لەدادگا دەكەین كە لەدژی ئەو بەش و خاوەنی وێستگانە تۆماركراون كە پێشێلی ڕێنماییەكانیان كردوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، كاركردنی نابەرپرسانەی هەندێك لە خاوەن وێستگە ئەهلییەكانی سوتەمەنی، بووە هۆی سەرلێشێوان بۆ هاوڵاتیان و دامودەزگاكانی وەزارەتی نەوت و دەوڵەت و زیانگەیاندن بە ئابوری نیشتمانی.

هەروەها جەختیكردۆتەوە "هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین بۆ چارەسەركردنی بەرپرسیارێتی نیشتمانی بەرامبەر بەهاوڵاتیان و باشتركردنی خزمەتگوزارییەكان و بەسزاگەیاندنی ئەوانەی قەیران و پشێوی دروست دەكەن".



AM:10:44:15/04/2022