كۆمەڵی دادگەریی داوایەك ئاڕاستەی قوباد تاڵەبانی دەكات


كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە فەرمی داوا لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكات دۆخی نالەباری شاری سلێمانی روونبكاتەوە.

محەمەد حەكیم، وتەبێژی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاندووە "دۆخی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی لە زۆر ڕووەوە خراپە و، مەترسی لەسەرە، لەناوخۆی هەرێمی كوردستانیشدا بە تایبەتی دۆخێكی نالەبارتر لەم ناوچەیەی كە ئەمری واقیع ناوی سەوزی بەسەردا سەپاندووە، دەگوزەرێت بە تایبەت لەڕووی موچە و خزمەتگوزارییەكانەوە !".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "كاتیەتی كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە حوكمی بەرپرسی یەكەمی دەسەڵات لەم زۆنە و بەرپرسی دووەمی حزبی دەسەڵاتداری زۆنەكە، هۆكاری دۆخی سلێمانی و ئەو قەیرانانەی كە بەرۆكی هاووڵاتیانی ئەم سنوورەی گرتووە ڕوونبكاتەوە و بە ڕاشكاوانە بڵێ هۆكار پارتییە یان حزبەكەی خۆی یان هەر هۆكاریەكی تر ! ".

هەروەها دەڵێت "هیچ كاتێك بە ئەندازەی تەمەنی ئەم كابینەیە، دۆخی ناوخۆ لێكترازاو و گوزەرانی خەڵك سەردەمی خراپی وای بەخۆیەوە نەدیوە، بۆیە ئەركی ئەخلاقیی و سیاسیی كاك قوبادە، بە خەڵك بڵێت ئەمە چیە روودەدات و بۆ بەردەوامە و جگە لە قسە، هیچ كردارێك بە ئاراستەی چارەسەر دیار نییە !".




PM:09:52:09/05/2022