كۆمەڵی دادگەریی: خۆمان بە بەدیلی دەسەڵات دەزانین


بەرپرسێكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایدەگەیەنێت، خۆیان بە بەدیلی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دەزانن بۆ بەدیلی دەسەڵات.

رێبوار حەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە میدیای حیزبەكەی راگەیاندووە "ئەگەر یەكێتی و پارتی ئیرادەی گۆڕانكاریان هەبێت، ئێستاش دەتوانن گۆڕانكاری بكەن، بەڵام ئەوان ئو ئیرادەیەیان نییە".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئێمە فراكسیۆنێكی چالاكمان لە پەرلەمانی كوردستان هەیە و پرۆژەی باشمان هەبووە، ئەو كاتەی لە حكومەتیش بوین ئیشمان دیار بوو، بۆیە ئەگەر متمانەمان هەبێت بۆ بەدیلی دەسەڵات كار دەكەین و خۆمان بە بەدیل دەزانین، هەڵبژاردنیش هەر لەو پێناوەدایە".

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ وتی "لە هەڵبژاردندا حیزبی گەورە و بچووك نییە، بۆ نموونە با پارە و هێز لای حكومەت بێت و حیزبەكان تەنها وەك هێزێكی مەدەنی بن ئەو كاتە ململانێی راستەقینە دەردەكەوێت".



PM:12:08:10/06/2022