نرخی بەنزین و سووتەمەنی بەشێوەیەکی بەردەوام بەرزدەبێتەوە،
بەشێكیش لەبەنزینخانەكان بەهۆی خراپی كوالێتی بەنزینەكانیان دەبنە هۆی تێكچوونی ئۆتۆمبێل
و سووتانی فیتپەمپی ئۆتۆمبیلەکان.
جەنگی مەجید، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەنزینخانەكانی هەولێر ڕاگەیاند، "هۆكاری گران بوونی
نرخی بەنزین بەهۆی گرانبوونی نرخی نەوت لەجیهان و شەڕی ڕوسیا و ئۆكراینا و كێشە سیاسیەكان
و ئەوروپاوەیە، هەروەها لەتوركیا و ئێرانیش نرخی گاز و بەنزین گرانبووە".
باسی ئەوەشیکرد، لەهیچ شوێنێك نیە نرخی سووتەمەنی
هەرزان بێت، بۆیە بەگران دێت و بەگران دەفرۆشرێت، تەنانەت توركیا لێرە گاز دەكڕێت
و هاوردەی دەكات بۆخۆی.
لەبارەی خراپی كوالێتی بەنزین باسی لەوەكرد، ڕەنگە
لە٣٠٪ بەنزینخانەكان ئەو بەنزینە بەكاربێنن، كە لەماددەی MTBو نەوت درووست دەكرێت، ئەم جۆرە بەنزینەش تەنها بۆ وەرزی سەرما و فێنك دەبێت، بۆ وەرزی
گەرما نابێت، چونكە پاڵەپەستۆی هەوا بەرزدەبێتەوە و هەوا درووست دەبێت وادەكات فیول
پەمپ كار نەكات.