سلێمانی.. پڕۆژەیەک دژی فەرمانی شارەوانی دەوەستێتەوە و کارەکانی ڕاناگرێت

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" کارکردن لە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئاسوودە (دڵی شار) لە سلێمانی لە سەر زەوی گەراجی مەصڵەحەکە بەردەوامە". 
  
ڕەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند" ئەمڕۆ سەردانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی ئاسوودە (دڵی شار)مان کرد لەسەر زەوی گەراجی مەصڵەحەکە بەڕووبەری (۸ دۆنم) زەوی، لەکاتێکدا پڕۆژەکە فەرمانی دەست بەکاربوونی نییە و   شارەوانی سلێمانیش بە نوسراوی فەرمی بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی تەرخان کردنی زەویەکە، لەبەرئەوەی  بڕیار دراوە ئەو زەویە تەرخان بکرێت بۆ باخچە، بەڵام لە ئێستادا کۆمپانیا لە پڕۆژەکەدا کار دەکات".  

ئەوەشی خستەڕوو، هەروەها سەردانی  پێگەی پرۆژەی (شاری ئارام)مان لە بناری گۆیژە کرد، کە هەڵکەندنی درەختەکان و تێکدانی سروشتی سەوزی ناوچەکە ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەیدا داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکات، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگهێشتی ئەنجومەن بکرێن بۆ ڕوونکردنەوە و وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەندامانی ئەنجومەن.


PM:05:33:12/06/2022