سێ سەبەتە خۆراک بۆ هاوڵاتیانی هەرێم ئامادە کرا

بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیكردنی خۆراك بڵاویکردەوە، لە دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک سبەتەی خۆراک بۆ هاوڵاتیان دابین کراوە و سێ سەبەتەی خۆراکی یەدەگیش ئامادەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی حوزەیران، لەما موسەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیكردنی خۆراك رایگەیاند، لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا بۆ ئەمساڵ شەش سەبەتەی خۆراکی دابین کراوە و مانگانە هەتا کۆتایی مانگ دابەشدەکرێن.

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، شەش سەبەتەی خۆراک وەک پاڵپشتێکی ستراتیجی بۆ ئاسایشی خۆراکی ئەمساڵ لە یاساکەدا جێگیرکراوە، هەروەها ماددەکانی نێو ئەو شەش سەبەتەی ئەمساڵ حەوت ماددەن.

لەبارەی جۆری ماددەکانیشەوە ئاماژەی بەوەدا، برنج و شەکر و زەیتی خواردن و دۆشاو و پاقلەمەنیەکان لە سەبەتەی خۆراکەکەدا دەبن.

لە هەشتی حوزەیرانی ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک دا و ئەو یاسای تێپەڕاند و پەسەندی کرد.

پڕۆژەیاسای خۆراک بوجەکەی ٢٥ ترلیۆن دینارە و لە لایەن حکومەتی کاربەڕێکەری عێراقەوە پێشکەشی پەرلەمانی وڵات کراوە و تێیدا حکومەتی عێراق دەیەوێت، شایستە داراییەکانی جوتیارانی عێراق بدات و دڵنیایی بۆ فۆڕمی بایەعی دابین بکات و قەرزەکانی کەرتی کارەبا و قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی بداتەوە و پڕۆژەکانی بنیادنانەوە لە عێراق کارا بکرێتەوە و شایستە داراییەکانی پڕۆژە بچوکەکانیش بدات.

 



PM:02:49:21/06/2022