ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هێرشكردنە سەر كۆرمۆر راگەیەنرا


لیژنەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی لەبارەی سێ هێرشی موشەكی ئەم دواییە بۆ سەر كێڵگەی كۆرمۆر لە نزیك ناحیەی قادر كەرەم راگەیاند.  


بەپێی ئەنجامی ئەو لیژنەیە "هێرشە موشەكییەكان بۆ سەر كێڵگەی غازی (كۆرمۆر) لە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجامدراون، لە پشت شوێنی جێگیربوونی لیوای 16ی هێزەكانی پێشمەرگەوە".  

هەر بەپێی ئەنجامی ئەو لیژنەیە "بە پێی شیكاریی ئەو چاڵانەی لە ئەنجامی هێرشەكانەوە دروستبوون، دەركەوت كە هەموو ئەو موشەكانەی ئاراستەی كۆرمۆر كراون لە یەك ئاراستەوە هاتوون، واتە لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا".  

 هەروەها دەڵێت "نزیكترین خاڵی كەوتنی موشەكەكان نزیكەی ٢٩ بۆ ٣٠ كیلۆمەتر لە هێزەكانی حكومەتی فیدراڵەوە دوورە، هەروەها بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەكانی فیدراڵی و پێشمەرگە نزیكەی ٩ بۆ ١٠ كیلۆمەترە.  

كۆرمۆر گەورەترین كێڵگەی غازە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، كە غاز بۆ وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات لەگەڵ دابینكردنی پێداویستی غازی ماڵ و چێشتخانەكان.  




PM:01:43:30/06/2022