وەزارەتی نەوت: سێ كۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت پڕۆژەی نوێ لە كوردستان ناكەن


وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت "سێ كۆمپانیای نەوتی نێودەوڵەتی بەڵێنیان داوە پڕۆژەی نوێ لە هەرێمی كوردستان پێشكەش نەكەن".

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ ٤-٧-٢٠٢٢ لە ڕاگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرسیارە زۆرانەی ئاڕاستەی وەزارەتی نەوت كراوە لە میدیا نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەكانەوە سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی".  

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "وەزارەتمان پشتڕاستی دەكاتەوە كە كۆمپانیا دیارەكانی شلومبێرگەر، بیگ هیوز و هالیبێرتۆن پشتڕاستیان كردۆتەوە كە پڕۆژەی نوێ لە هەرێمی كوردستان پێشكەش ناكەن وەك پابەندبوون بە بڕیاری دادگای فیدراڵی و ڕێنماییەكانی لیژنەی بەڕێوەبەرایەتی كە لە وەزارەتی نەوت پێكهێنراوە".  

وەزارەتی نەوت وتویەتی "ئەو كۆمپانیایانە ئێستا لە پرۆسەی تەسفیەكردن و داخستنی تەندەرین و گرێبەستە هەنووكەییەكاندان، بەڵێننامەیان پڕكردووەتەوە كە خاوەنی هیچ قەوارەیەكی بازرگانی یاخود كۆمپانیایەكی دیكە نین لە هەرێمی كوردستاندا".  



PM:08:44:04/07/2022