چوارچێوەی هەماهەنگی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو دیاری دەكات


وا بڕیارە چوارچێوەی هەماهەنگی لە نێو پێنج كاندید، یەكێكیان بۆ سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق یەكلایی بكاتەوە و نوری مالكیش یەكێكە لە كاندیدەكان.

جەبار مەعموری، سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ ٤-٧-٢٠٢٢ بە ئاژانسی (بغداد الیوم)ی راگەیاند، دەرگای كێبڕكێ بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران دوو رۆژ لەمەوبەر لە نێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی تاوتوێكرا، ئێستاش كێبڕكێكە لە نێوان پێنج كاندید دیاریكراون كە دیارترینیان نوری مالیكیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوتون لەسەر یەكخستنی بۆچونەكانیان سەبارەت بەوەی بە یەك كاندیدەوە بچنە كۆبونەوەی پەرلەمان، بەو پێیەی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیە، ناوی كاندیدەكەش دوای كۆتایی پشوەكانی هاتنی جەژن بەفەرمی رادەگەیەندرێت". 

مەعموری روونیكردۆتەوە "هێڵی سور نییە سەبارەت بە هیچ كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی، بەڵكو هەموو لایەك بڕیاری هەڵبژاردنی كەسایەتییەكی بەهێز دەدەن بۆ ئەوەی رابەرایەتی حكومەتی ئایندە بكات".

دوای كشانەوەی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق، ئێستا چوارچێوەی هەماهەنگی سەرقاڵی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقە.



PM:09:11:04/07/2022