كازمی: داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەم بەرپرسیارێتی نیشتیمانی لەئەستۆ بگرن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە



مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لە لایەنە سیاسییەكان كرد بەرپرسیارێتی نیشتیمانیان هەڵبگرن و كار بۆ كۆتاییهێنان بەو قەیرانە سیاسیە بكەن كە دروستبووە.

نوسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ٩-٧-٢٠٢٢ بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی بە سەردانێك گەیشتوەتە پارێزگای نەینەوا و لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی پارێزگاكە و پەرلەمانتاران كۆبوەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا دۆخی پارێزگاكە و پێداویستییەكانی لەسەرجەم كەرتە جیاوازەكاندا خراوەتەڕوو، هەروەها جەخت لە گەشەدان بە وەبەرهێنان لە پارێزگاكە كراوەتەوە وەك بەشێك لە داواكاری هاوڵاتیانی سنورەكە.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەداوە، هەر لە كۆبونەوەكەدا گرنگی هاوكاری و تەواوكاری نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن باسكراوە  كە دەبێت هەماهەنگییەكی بەرزیان هەبێت بۆ ئەوەی لە ئاست جێبەجێكردنی داخوازی هاوڵاتیاندا بن.

كازمی وتویەتی "ئەمە دەرفەتێكی گەورەیە لەبەردەم پارێزگاكەدا، پێویستە هەموان بە گیانی هاوكاری و هەماهەنگی كاری بۆ بكەین، پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردن وەك یەك تیم كاربكەن بۆ خزمەتكردنی پارێزگاكە".

هەروەها وتویەتی "لەگەڵ ئەوەی داوا لە لایەنە سیاسییەكان دەكەم كە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی لەئەستۆ بگرن بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە سیاسییەی لەئارادایە، ئەم حكومەتە بەهێزەوە ئەركەكانی خۆی رادەپەڕێنن و دواناكەوێت لە خزمەتكردنی گەلەكەی بەگوێرەی توانا".



AM:11:51:09/07/2022