قوباد تاڵەبانی: زیاتر لە ٥٠ پڕۆژە لەسلێمانی دەكەوێتە كار


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ٥٠ پڕۆژە لەسلێمانی دەكەوێتە كار و هۆشداری توندیشی داوەتە بەڕێوەبەری بەشێك لە فەرمانگەكان بەوەی كاری وەبەرهێنەران زوو راپەڕێنن.


دەقی راگەیەنراوی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی..

لەكۆبوونەوەكەدا كە رۆژی یەكشەممە ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو، دوای ئەوە هات كە قوباد تاڵەبانی لە رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی رابردوو لەگەڵ وەبەرهێنەرانی سلێمانی كۆبووەوە و تیایدا وەبەرهێنەران رەخنە و گلەییان هەبوو لە چۆنییەتی هەڵسوكەوت و مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی.

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی بەڕێوەچوونی كاروباری وەبەرهێنەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی و رایگەیاند هاوڵاتیان خۆیان بە دەست كۆمەڵێك كێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن، بۆیە مایەی قبوڵكردن نییە بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاتر بكەن. وتیشی ئەو بەڕێوەبەرەی خەمساردی لەكارەكانی دەكات بابچێتەوە ماڵەوە.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا كە رێگە نادرێت جوڵەی بازرگانی لە سلێمانی لەوە زیاتر لاواز بكرێت و وەبەرهێنەران ناچاربكرێن سەرمایەكانی خۆیان ببەنە دەرەوە، چونكە بەمە زیانی گەورە بەر سلێمانی كەوتووە و دانیشتوانی شارەكە  بە هەزاران هەلی كاریان لە كیس چووە. باسی لەوەشكرد كاتێك پڕۆژەی وەبەرهێنەرێك دێتە بەردەستتان، ئێوە وەك وەرقەیەكی سادە سەیری دەكەن، كەچی ژیان و قوتی سەدان كەس بەو وەرقە سادەوە گرێدراوە و لەوانەیە تەنها بەهۆی كەمتەرخەمی بەڕێوەبەرێكەوە سەدان هەلی كار لە كیس بچێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆكوەزیران هۆشداریدایە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی كە چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناكات و راشكاوانە رایگەیاند لێرە بە دواوە هیچ جۆرە خەمساردی و كەمتەرخەمییەك لەهیچ بەڕێوەبەر و بەرپرسێك قبوڵ ناكات، تیمێكی چاودێری پێكهێناوە و خۆی سەرپەرشتی تیمەكە دەكات.

قوباد تاڵەبانی داواشی لێكردن هەر لە دوای كۆبوونەوەكە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان وەك یەك تیم كاربكەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروست بكەن تاكو لەماوەی كەمتەر لەمانگێك سەرجەم پڕۆژەكان بكەونە كار. جەختیشی كردەوە خۆی راستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەكان دەبێت و لەهیچ كەس و لایەنێك قبوڵ ناكرێت سەرانە و بەرتیل وەربگرێت.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان دەربڕی بۆ ئەوەی بەپێی یاسا هەموو دەسەڵاتەكانی خۆیان بەكاربهێنن بۆ كارئاسانیكردن و ڕاییكردنی كاروباری وەبەرهێنەران و هاوڵاتیان و راشیگەیاند بۆ هەر كارێكی باش كە خزمەت بە هاوڵاتیان بكات بە تەواوی توانایەوە پشتیوانیان دەبێت و رووبەڕووی هەر كەسێكیش دەبێتەوە كە بۆ كاری نایاسایی فشاربخاتەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكان و دەستوەردان لە كارەكانیاندا بكەن.

قوباد تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری دا كە بۆ ئەم پڕۆژانەی لەبەرەستی بەڕێوەبەرایەتییەكاندان، هیچ وەبەرهێنەرێك نابێت خۆی فەرمانگە بە فەرمانگە بگەڕێت تا كارەكانی جێبەجێ ببێت، بەڵكو دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەكان خۆیان میكانیزمێك بدۆزنەوە و ئەگەر پێویستی كرد فەرمانبەرەكانیان رابسپێرن تا بە دوای جێبەجێكردنی كاری وەبەرهێنەران لە فەرمانگەكانی دیكە بكەون.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە لەسەر پێویستی رێكخستنەوەی دەوام لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی و ئاماژەی بەوەدا كە رۆژانە گلەیی و رەخنەی هاوڵاتیانی پێدەگات و ئاگادارە كە هاوڵاتیان لە مامەڵەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان رازی نین. لەمبارەیەشەوە رایگەیاند پێویستە بە زووترین كات بەڕێوەبەرایەتییەكان پێداچوونەوەیەك بە چۆنییەتی راپەڕاندانی كاروباری هاوڵاتیاندا بكەنەوە كە زۆرترین ئاسانكاری تێدابێت.
جێگری سەرۆك وەزیران باسی لەوەشكرد ئەگەر بەڕێوەبەرێك یان فەرمانبەرێك ناتوانێت دڵسۆزانە كاری هاوڵاتیان جێبەجێ بكات و پابەندبێت بە كاتی دەوامەكەیەوە، با خۆی دەست لەكاربكێشێتەوە، چونكە خەڵكی دڵسۆزی دیكە هەیە لە جێی ئەوان خزمەتی هاوڵاتیان بكەن.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند خەڵكی سلێمانی ماندوون و ناڕازین، بۆیە هەر بەڕێوەبەرێك با نەك لەبەر قسەی قوباد تاڵەبانی، بەڵكو لەبەر خاتری ئەو خەڵكە ماندووە هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و دڵسۆزانە خزمەتی ئەو خەڵكە بكات. وەبیریشی هێنانەوە كە نابێت پۆستەكانیان وەك ئیمتیاز سەیر بكەن، بەڵكو پۆستیان پێدراوە تا خزمەتی خەڵك بكەن. جەختیشیكردەوە رەزامەندی خەڵك لەسەروو هەموو شتێكەوەیە و چیتر رەزامەندی خەڵك ناكرێتە قوربانی كەمتەرخەمی هیچ بەرپرسێكەوە.





PM:05:08:04/09/2022