خێزانێکی کورد لە مۆسکۆ گەورەترین چەرخ و فەلەکیان
لەسەر ئاستی ئەوروپا دروستکرد، بە کردنەوەی ئەم چەرخ و فەلەکە، مۆسکۆ پێش لەندەن کەوتەوە.
دوێنێ ١٠ ی ئەیلولی ٢٠٢٢، لە پارکی ڤدنخای مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، ڤلادیمێر
پوتنی سەرۆکی رووسیا، بەئامادەبوونی سرگێی سەبیانینی سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ و ئەمیران
زەلیمخان موتسۆیێڤی خاوەنی پرۆژەکە، گەورەترین چەرخ و فەلەکی بەناوی خۆری مۆسکۆ لەسەر
ئاستی ئەوروپا کردەوە.
ئەمیران زەلیمخان، لەبارەی پرۆژەکەیەوە کورتەیەکی
بۆ سەرۆکی رووسیا خستەروو وتی " خۆری مۆسکۆ، گەورەترین چەرخ و فەلەکە لەسەر
ئاستی ئەورووپا، بەرزییەکەی ١٤٠ مەترە و لە ٣٠ کابینەی داخراو پێکهاتووە، کە هەر
کابینەیەک توانای لەخۆگرتنی ١٥ کەسی هەیە، هەریەکەیان خزمەتگوزاری تەندروستی و گەرمکەرەوە
و سیستەمی چاودێری ڤیدیۆیی و رێنمایی دەنگی و دوگمەی زەنگ و شاشەی زانیارییان هەیە.
ئاماژەی بەوەشدا، چەرخ و فەلەکەکە لە ١٨خولەک و
٤٠ چرکەدا یەک خول دەکات، پێشبینی دەکرێت ساڵانە ئەم شوێنە سەرنجڕاکێشە زیاتر لە
دوو ملیۆن و ٥٠٠هەزار سەردانیکار بۆ لای خۆی رابکێشێت.
دواتر ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا لە وتەیەکدا
سوپاسی خاوەنی پرۆژەکەی کرد، کە بەبێ لەبەرچاوگرتنی خراپی رەوشی ئابووری، پرۆژەی
گرنگ و ستراتیژی بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان لە پایتەختی رووسیا دروست دەکەن.
خانەوادەی موتسۆیێڤ، خانەوادەیەکی کوردی ئێزیدیی
نیشتەجێی مۆسکۆن، لەسەر ئاستی رووسیا و وڵاتانی ناوچەکە، لەرووی سیاسی و ئابووری و
بازرگانی ناوێکی دیارن، ساڵی ٢٠٢٢پرۆژەی دوورگەی خەونەکانیان دروستکرد، کە گەورەترین
پرۆژەی یاری و خۆشگوزەرانییە لەسەر ئاستی ئەوروپا کە بەهەمان شێوە سەرۆکی رووسیا
کردییەوە.
ئەوەشلەکاتێکدایە، پرۆژەی خۆری مۆسکۆ (چەرخ و فەلەک)
لە یادی ٨٧٥ ساڵەی درووستبوونی مۆسکۆ کرایەوە، پێشتر چەرخ و فەلەکی لەندەنی پایتەختی
بەریتانیا، گەورەترین چەرخ و فەلەک بوو لەسەر ئاستی ئەورووپا، ئێستا بە کردنەوەی ئەم
چەرخ و فەلەکە، مۆسکۆ پێش لەندەن کەوتەوە.