لە بارەی پێدانی قەرز بە هاوڵاتیانی هەرێم ڕوونکردنەوە دەدرێت

لەبارەی پێدانی قەرز بە هاووڵاتیانی هەرێم ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لەلایەن بانکی ڕافیدەینەوە ڕوونکردنەوە دەدات.

 ئەمڕۆ سێ شەممە، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "کردنەوەی لقی بانکی ڕافیدەین لە هەرێمی کوردستان کارێکی قورس نییە و بانکەکەش ڕەزامەندن لەسەر ئەو کارە، بۆیە داوا لە وەزارەتی دارایی عێراق کراوە ڕەزامەندی بدات لەسەر ئەوە."  

بانکی ڕافیدەین بانکێکی حکومییە لە عێراق و چەندین جۆر پێدانی قەرز و پێشینەی هەیە کە بەوتەی د. نەرمین مەعروف لە پێنج ملیۆنەوە تا ٢٥٠ ملیۆن دینار دەبێت و دەیدات بە هاووڵاتیانی پارێزگاکانی عێراق.  

لەبارەی ئەوەی ئەگەر لقی بانکەکە لە هەرێم بکرێتەوە، ئەو قەرزانە دەدرێت بە هاووڵاتیانی هەرێمیش، د. نەرمین مەعروف باسی لەوەکرد، "باسی وردەکاری پێدانی قەرزەکانمان نەکردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بانکەکە حکومییە و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتیش بۆ هەموو هاووڵاتیانی عێراقە، بۆیە قەرزەکان هاووڵاتیانی هەرێمیش دەگرێتەوە."  

دەشڵێت "قەرزەکان بە بارمتەی فەرمانبەری حکومی یاخود تاپۆی خانوو دەدرێن و هەموو هەوڵێک دەدەین لقی بانکەکە لە هەرێمیش بکرێتەوە."  



PM:03:00:13/09/2022