ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی دوو بابەت کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاوڵاتییان تاوتوێ دەکرێت. 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت، ئەنجام دەدات. 
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم پرسانەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێت:

بڕگەی یەکەم تایبەتە بە خستنەڕووی بەدواداچوونی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بابەتی ڕێکخسـتنی دەستی کـار لە دەرفەتەکـانی کـار لە کەرتی تایبەت، و ڕەخسـاندنی هەلی کـار بـۆ هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دابەشـکردنی دادپەروەرانەی دەرفەتەکانی کـار و ئەولەویەتدان بە دەستی کاری خۆماڵی لە پڕۆژەکان و پابەندکردنی خاوەن کار و وەبەرهێنەرانی پرۆژەکان بە تەرخانکردنی ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دەرفەتەکان بۆ کـرێکارانی خۆماڵی. 

بڕگەی دووەم تایبەت دەبێت بە خسـتنەڕووی ڕەشنووسی پەیـڕەوی تـایبەت بە (پێکهـاتە و ئەرکەکـانی لیژنەکـانی لێکـۆلینەوەی پیشەیی لە وەزارەتی تەندروستی) لە بەر رۆشنایی برگەی (یەکەم) لە ماددەی (٩) لە یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٠، یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆش لە هەرێمی کوردستان.


AM:10:59:20/09/2022