وەزارەتی كارەبا روونكردنەوە سەبارەت بە دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری دەدات


بەرپرسێكی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە سیستەمی پریپەید دەتوانرێت كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت.

عەلی ئیسماعیل، ئەندامی لیژنەی باڵای پڕۆژەی پێوەری زیرەك رایگەیاندووە، لە سیستەمی پریپەید كارەبا 24 كاتژمێر و نرخەكەی وەك خۆیەتی، تەنیا شێوازی پارەدانەكە دەگۆڕێت، ئێستا لە چەند شوێنێكی هەرێمی كوردستان  لە ڕێگەی سیستەمی (پریپەید)ەوە، كارەبای 24 كاتژمێری هەیە، لەوانە بازاڕی لەنگەی هەولێر و بازاڕی دهۆك، كە شوێنی بازرگانین، لەگەڵ هاوبەشی ماڵان لە ئەڤرۆ ستی لە دهۆك.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كارەبا، لە هەرێمی كوردستان شەش هەزار و 356 هاوبەشی كارەبا بە سیستەمی پریپەیدەوە بەستراون و چالاككراون و كارەبای 24 كاتژمێرییان هەیە.

عەلی ئیسماعیل روونیكردۆتەوە "سیستەمی پریپەید هاوشێوەی كارتی مۆبایلە، بایی چەند كارەبات پێوێستە ئەوەندە كارت دەكڕیت، بۆ بەكارهێنانەكەشی دەوەستێتە سەر هاوبەشی كارەبا، بیەوێت زیادەڕۆیی تێدا بكات، یان بیەوێت دەستی پێوە بگرێت".

هەروەها دەڵێت "لەو شوێنانەی كە بە سیستەمی پریپەید كارەبایان پێ دەدرێت، خەڵكەكە لە سیستەمەكە رازین و كێشەیان نییە، ئەم سیستەمە سەرەڕای باشتركردنی دۆخی كارەبا، بارگرانیی سەر فیدەرەكانی كارەبا بە رێژەی 400% كەم دەكاتەوە".



PM:09:04:16/10/2022