شێخ جەعفەر: دۆخی كوردستان گەیشتۆتە لێكترازاندن


جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان نائومێدی خۆی لە دۆخی كوردستان دەردەبڕێت و رایگەیاند  "دۆخی كوردستان گەیشتۆتە لێكترازاندن ".

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەی دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە  چاوپێكەوتنێكی كەناڵی كوردسات رایگەیاندووە "لە هیچ كابینەیەكی حكومەتی هەرێم لە دوو ئیدارەیی و دوای یەكگرتنەوەش دۆخی هەرێمی كوردستان هێندە خراپ نەبووە، خەڵك لە كوردستان بێ ئومێد و ناڕازییە، خەڵك برسییە".

هەروەها پرسێکی مەترسیداری ئاشکرا کرد "لە هەولێری پایتەختدا هێزێك كە كەس نازانێت كێیە، چواردەوری ماڵی جێگری سەرۆكی حكومەت دەگرێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "دۆخی هەرێم زۆر خراپە، ململانێی نێوان یەكێتی و پارتی لە لوتكەدایە، دەتوانم بڵێم گەیشتۆتە لێكترازاندن، من لەم حوكمڕانییەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە زۆر نائومێدم".

شێخ جەعفەر وتویەتی "دۆخەكە گەیشتۆتە لە ناو قەدا یەكتربڕینەوە، لە نێوان یەكێتی و پارتی هیچ تەوافوق و هاوپەیمانێتییەك نەماوە، كە باسی پارتی دەكەین دەبێت باسی ئەشخاس بكەین، ئەوانەی لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی پارتی دەیانبینم لە من ناڕازیترن، دوو ئیدارەیی بە ئاشكرا هەیە".




PM:09:47:01/11/2022