هاوڵاتیانی هەرێم لەجیاتی بەشە خۆراكی فەوتاو بە پارە قەرەبوو دەكرێنەوە

‌پەرلەمانی عێراق
وەزیری بازرگانی عێراق ئاشكراشیكرد ‌ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ناردنی بڕێك پارە لەجێگەی خۆراكی فەوتاوی هاوڵاتیانی كوردستان رازی بوو.

دكتۆر خەیروڵڵا حەسەن وەزیری بازرگانی عێراق بە سایتی خەندانی راگەیاند ‌لە دانیشتنی ئەمڕۆ سێشەممە 26/8/2014ـدا هیچ گفتوگۆیەك سەبارەت بە ناردنی مووچەی 2 مانگی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نەكراوە‌.

روونیشیكردەوە ‌مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری تاكلایەنەی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق بڕدراوە نەك بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ‌بۆیە پێویستە ئەو بڕیارە سیاسییە لەلایەن مالیكییەوە هەڵبوەشێنرێتەوە.

وەزیری بازرگانی عێراق ئاشكرایكرد كە لە دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بڕیاردراوە ‌بەشە سوتەمەنی پێویست بۆ قەزای خانەقین بنێردرێت‌. جگە لەوەش سەبارەت بەو ماددە خۆراكییانەی كە چەند مانگێكە بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردراون، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە پارە بە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بدرێت ‌لەبەرئەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا وردەكاری بۆ بڕیارەكە ئامادە دەكەن و بڕە پارەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە خەرج دەكەن.



PM:01:36:26/08/2014